کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی عێراق دەستی بەسەر داگیرا

23:59 - 11 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: دەیان هەزار هاووڵاتیی عێراقی دوای دزەکردن بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا، دەستیان بەسەر پارلمانی ئەو وڵاتەدا داگرت.

کاناڵی سومریە نیوز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ناوچەی سەوزی بەغدا بووەتە گۆڕەپانی لایەنگرانی تووڕەی ڕەوتی موقتەدا سەدر و دۆخی ئەو شارە نائاسایی ڕاگەیەندراوە.

ناڕزایان بە هەڵگرتنی ئاڵای عێراق و پلاکارد، خوازیاری چاکسازیی بەرین و بنەڕەتی لە دەسەڵاتی ئێستای عێراق‌ دان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، هەموو ئەندامانی پارلمان بە ئیجبار و لە ترسی ناڕازیان، پارلمانیان بەجێ‌هێشتووە و لە ناوچەی سەوز کە شوێنی جێگیربوونی ناوەندە دەوڵەتییەکانی عێراقە، بردراونەتە دەرەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هەزاران هاووڵاتیی عێراقی لە پشت ناوچەی سەوزی بەغدا دەستیان داوبووە مانگرتن و چاکسازییەکانی حەیدەر ئەلعبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان بە باش و تەواو نەدەزانی و داوای دامەزراندنی حکوومەتێکی هەمەلایەنەی تێکنۆکراتیان کردبوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، پارلمانی عێراق لە هەوڵی ئەوە دابوو کە بۆ تاوتوێکردنی وەزیرانی پێشنیارکراوی حەیدەر ئەلعبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دانیشتن پێک بێنێت و لیستەی سەرجەم وەزیرانی پێشنیاری کراو تەواو بکەن، بەڵام بە هۆی دەستبەسەر داگرتنی پارلمان لە لایەن هاووڵاتییانی ناڕزای عێراقی، بۆ حەوتووی داهاتوو داخرا.

ئەو خۆپیشاندانە، ئەگەرچی لە سەر داوای موقتەدا سەدر ئەنجام دراوە بەڵام ڕاگەیەندکانی عێراقی بڵاویان کردووەتەوە کە موقتەدا سەدر داوای لە خۆپیشاندەران کردووە پارلمان چۆڵ بکەن.

دەفتەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵوێزخانەی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا هەڵکەوتوون.

چوونە ناو ناوچەی سەوزەوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونێکی گەورەی قەیرانی سیاسی لە عێراقدا.

خۆپیشاندەران سەر بە مەلای ناوداری شیعەکان موقتەدا سەدرن و ناوچەی سەوزی بەغدا شوێنی حەوانەوەی زۆربەی وەزیرەکان و باڵوێزخانە بیانییەکانە.

14596.jpg

14597.jpg