کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام پارلمانێکی کانادا کۆبوویەوە

16:28 - 12 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ تێری بیچ ئەندام پارلمانی کانادا لەو وڵاتە کۆبوونەوە و دوایین ئاڵوگۆرەکان و ڕەوشی کورد و سیاسەتە سەرکوتکەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان خسته بەر باس.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەئیەتێکی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە شەهریار ویژە بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەکانادا، سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزب لەکانادا، حیکمەت قولیزادە، بەرپرسی یەکیەتیی لاوان، لەگەڵ تێری بیچ ئەندامی پارلمانی کانادا و دۆستی بە گەلی کورد کۆبوونەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات، وێڕای سپاس و پێزانین بۆ ئەو دەرفەتە چەند پرسێکی گرینگی ناوچەیی و کوردستانی وەک دوایین ئاڵوگۆڕەکانی گۆرەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕەوشی کورد لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان و بە تایبەتی پیلان و ئاژاوەگێری و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و زۆریی ڕێژەی ئیعدام و گرتووی سیاسی و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ئەم ڕێژیمەیان خستە بەر باس.

لەو پێوەندییەدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی کانادا هیوایان خواست پارلمانی کانادا بەتێبینی زیاترەوە پرسی پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بخاتە بەر باس و کانادا بەردەوام بێت لە پێشەنگی ڕێکخراوە نێونەتەویی و مرۆڤدۆستەکان بۆ سەرکۆنە و لە قاودانی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمی ئێران.

هەروەها سەبارەت بە پرسی ژیانی هاووڵاتییانی کورد لە کانادا و بەتایبەت پەنابەرانی کورد کە لەم دواییانەدا هاتوون بۆ کانادا، تێری بیچ ئەندام پارلمان لە گیروگرفتی ئەو پەنابەرانە ئاگادارکرایەوە و داوای لێکرا بە پەلە یارمەتییەکی زیاتر تەرخان بکرێت بۆ ئەو بنەماڵانەی تازە هاتوون.

لە درێژەدا، بەریز تێری بیچ، وێرای سپاس لە هەیئەتی حیزبی بۆ ئەو سەردانە، باسەکانی سەبارەت بەکوردستان بە گشتی و ڕێژیمی ئیسلامی بەتایبەتی گرینگ نرخاند و بەڵێنیدا کانادا بەردەوام دەبێت لە پێشکەش‌کردنی یارمەتی ماددی و مرۆڤی و سەربازی بۆ کوردستان.

بیچ سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران ڕوونی کردەوە کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێوەندی فەرمی نێوان کانادا و ئێران، ئەو پێوەندییە بە هیچ شێوەیەک کارتێکەری نابێت لە سەر هەوڵی کانادا لە ئاستی نێونەتەوەییدا بۆ پشتیوانی لە مافی مرۆڤ و سەرکۆنەی ڕێژیمی ئێران بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و داب و نەریتە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەتی مافی کەمە نەتەوەکان.