کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە: ٦٠ هەزار كەس لە زیندانەكانی ڕێژیمی سووریەدا كوژراون

19:49 - 2 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە دەڵێ لە پێنج ساڵی ڕابردوودا لانیكەم ٦٠ هەزار كەس بە هۆی ئەشكەنجە یان دۆخی نالەباری مرۆیی لە زیندانەكانی ڕێژیمی سووریەدا كوژراون.

هەواڵدەریی فەرانسە لە سەر زاری ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئەو ڕێكخراوەیە كە نێشتەجێی لەندەنە، ڕایگەیاند ئەم ژمارەیە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١١وە بە هۆی ئەشكەنجە و دۆخی نالەباری مرۆیی وەك نەبوونی خۆراك یان دەرمان كوژراون.

بە وتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، زیاترین ژمارەی مردن لە زیندانی بەدناوی سەیدنایادا بووە و دەستبەسەرگەكانی یەكەی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی و دامودەزگا ئەمنییەكانی ڕێژیمیش هەلومەرجێكی هاوشێوەیان بووە.

ڕێكخراوی چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە دەڵێ ناوی لانیكەم ١١٠ منداڵ لە نێو ١٤ هەزار كەسدا كە ناویان تۆمار كراوە، وەكوو قوربانیانی ئەشكەنجەی ڕێژیمی سووریە دەبینرێت.

لێكۆڵینەوەیەكی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی فیورییەی ئەمساڵدا ڕێژیمی سووریە بە ڕەچاوكردنی سیاسەتی لەنێوبردن لە زیندانەكانی ئەو وڵاتەدا تۆمەتبار دەكات.

لە ساڵی ٢٠١٤دا یەكێك لە كاربەدەستانی ڕێژیمی سووریە كە لە وڵاتەكەی هەڵاتبوو، نزیك بە ٥٥ هەزار وێنەی لە ١١ هەزار كەس لەگەڵ خۆی بردە دەرەوە كە لە نێو زیندانەكانی ئەو وڵاتەدا كوژراون.

قەیران و شەڕی سووریە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا كوژران و برینداربوونی سەدان هەزار كەس، ئاوارەبوونی چەندین میلیۆن كەس و كاولبوونی شارەكان و لەنێوچوونی ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتەی لێ كەوتۆتەوە. پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران لە مانەوەی ئەسەد بە هەر بەهایەك، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو كارەساتەیە.