کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش ئەمیرێكی كوردی خۆی كوشت

22:14 - 3 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمیرێكی كوردی خەڵكی كوردستانی ئێران و ٧ چەكداری عەرەبی خۆی كوشت كە دەیانهەویست لە شاری ڕەقەی سووریە ڕابکەن.

سەرچاوەیەكی هەواڵ لە شاری ڕەقە ڕایگەیاند؛ چەند ڕۆژ پێش ئێستا ئەمیرێكی كورد بە ناوی محەممەد جۆشكار ناسراو بە ئەبوو سوهەیب سەنەندەجی بە دەستی هێزەكانی داعش كوژراوە.

ئەو سەرچاوە وتیشی كە ئەبوو سوهەیب سەنەندەجی خەڵكی شاری سنەی كوردستانی ئێران بووە و ٣ ساڵ لەمەوپێش چووبووە نێو ڕیزەكانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

لەگەڵ ئەو ئەمیرە كوردە ٧ كەسی دیكەش كە سەرجەمیان عەرەب بوون، بە دەستی هێزەكانی داعش كوژراون.

دەوترێت ئەبووسوهەیب و ئەو ٧ كەسە ویستوویانە ڕیزەكانی ڕێكخراوی داعش بە جێ بهێڵن و لە شاری ڕەقەی سووریە ڕابکەن و خۆیان ڕادەستی هێزەكانی ناسراو بە سووریەی دیمۆكراتیك بكەن، بەڵام لە لایەن هێزەكانی داعشەوە دەستبەسەر كراون و پاش تێپەڕینی ڕۆژێك كوژراون.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، باسی خۆئامادەكردنی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ ڕزگاركردنی شاری ڕەقەی پایتەختی خەلافەتی ئیسلامی بۆتە ڕۆژەڤی هەواڵەكان و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بەردەوام بە خستنەخوارەوەی بەیاننامە و نووسراوە، داوا لە خەڵكی ڕەقە دەكەن كە ئەو شارە چۆڵ بكەن. هەر بۆیە وێدەچێت ڕاکردنی ئەو چەند كەسەش نیشانەیەك بۆ ورەدۆڕاویی چەكدارانی داعش بێت.