کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ڕێزگرتن لە سەروان چەکۆ ڕەحیمی و سەید ڕەزا دروودگەر، لە وڵاتی سوید کۆڕێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو

23:49 - 3 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخۆدانی سەروان چەکۆ ڕەحیمی و سەید ڕەزا دروودگەر، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید، کۆڕێکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخۆدانی سەروان چەکۆ ڕەحیمی و سەید ڕەزا دروودگەر، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، کۆڕێک بە ئامادە بوونی شاندێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە مەنسوور عەزیزی بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی، شاهۆ فەرازمەند و لوقمان ئەحمەدی و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید، نوێنەری حیزب و لایەنەسیاسییەکان و هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان، دۆستان و بنەماڵە حیزبییەکانی دانیشتووی شار و شارۆچکەکانی وڵاتی سوید بەڕێوەبرد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان و بەتایبەت سەروان چەکۆ ڕەحیمی و سەید ڕەزا دروودگەر دەستی پێکرد.

پاشان مەنسوور عەزیزی بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و ئەندامی ڕێبەریی حیزب، بە نوێنەرایەتی حیزب وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو پاش ئاماژەکردن بە گەورەیی و لێهاتوویی نەمران سەروان چەکۆ و سەید ڕەزا، لەسەر واقع بینیی حیزبی دێموکرات، هەلومەرجی خەباتی چەکداری، بارودۆخی کوردستان و ڕێککەوتنی لایەنەکانی باشوور و سایکس ـ پێکو، قسەی کرد.

دواتر کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی باسێکی کورتی سەبارەت بە هاوڕێیانی کۆچکردوو و بیرەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو دوو نەمرەدا پێشکەش کرد.

دواتر شاهۆ فەرازمەند لەسەر هەردوو ڕێبەری نەمر، بەتایبەت سەروان چەکۆ ڕەحیمی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

پاشان باسێک لە لایەن ئاریاکۆ ڕەحیمی، کچی شەهید سەروان چەکۆ، پێشکەش کرا.

هەروەها ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوید، چەند گووتەیەکی پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.

دواتر پارچە شیعرێکی عارف عەزیزی بەناوی سەروان چەکۆ لە لایەن ئاوارە جەلالی بەڕێوەبەری بەرنامەکە، خوێندرایەوە.

چەندین پەیامی هاودەردی بۆ ڕێوڕەسمەکە نێرداربوو کە بریتین لە:
ـ برووسکەی ماتەمینی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە سوید
ـ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆمیتەی سوید
ـ پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆمیتەی سوید
ـ برووسکەی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە سوید
ـ برووسکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان - سوید
ـ برووسکەی پارتی دێموکراتی کوردستان لجنەی ناوچەی سوید
ـ برووسکەی ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان سوید
ـ پارتی سوسیالستی کوردستان باکوور - سوید

دواتر سروودی مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم، بەدەنگی عەلی ئاسوەند پێشکەش کرا.

پەیامی هاوبەشی یەکێتیەکانی ژنان، لاوان و کوردان لە وڵاتی سوید لە لایەن ئاشتی عەبدیەوە خوێندرایەوە.

هەروەها، پارچە پەخشانێک لە لایەن چیا عەلییارەوە خوێندرایەوە.

لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا کاوە ڕەحیمی برای شەهید سەروان چەکۆ ڕەحیمی، بەنوێنەرایەتی بنەماڵەی سەروان چەکۆ، وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا سوپاس و پێزانینی بنەماڵەکەی بەتایبەت بنەماڵەی سەروان چەکۆی دەربڕی و خۆی بە بەختەوەر دەربڕی کە ڕۆڵەی دێموکراتە.