کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتوانانی سوننی عێراق، بەشداریی قاسم سلێمانی لە شەڕی فەللوجەیان مەحکووم کرد

22:39 - 9 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە قاسم سلێمانی لە دەوروبەری فەللوجە دەخولێتەوە و لەگەڵ فەرماندەکانی سپای شیعەی حەشدی شەعبی کۆ دەبێتەوە، سیاسەتوانان و سەرۆک هۆزە سوننەکانی عێراق، بەشداریی قاسم سلێمانییان لە شەڕی فەللوجەدا مەحکووم کرد.

بە پێی هەواڵەکان، سێ نوێنەری پارلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕ، بەشداریی قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی فەللوجە و هاوکاریی هێزە چەکدارەکانی سپای ڕێژیمی ئێرانییان بۆ ئازاد کردانی ناوچەکە لە دەستی داعش، مەحکووم کرد.

لەو چەند ڕۆژەی دواییدا، ڕاگەیەندراوەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، وێنەکانی قاسم سلێمانییان بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژە بە سەفەری سلێمانی بۆ فەللوجە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕێبەرانی هاوپەیمانیی نیزامی شێعە (حەشدی شەعبی) دەکات. ئەم وێنانە شەپۆلی ڕەخنەی لە ڕۆژانی دواییدا بە دو‌اوە بووە.

یەکێک لەو نوێنەرانە بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە؛ ئەوان ئێرانی نین، بەڵکوو عێراقین و بوونی سلێمانی لەوێ، جێی باس و گومانە.

نوێنەرێکی دیکەش سەبارەت بەم بابەتە بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە؛ بەشداریی فەرمانده هێزی سپای قودس لە شەڕی عێراقدا، پەرە بە کێشەی نێوان تاقمەکان دەدات.

لەدڕێژەدا، لێژنەی زانایانی موسلمینی عێراق( ئەنجومەنێک کە بە دوای هەڵدێرانی سەدام حسێن، پێکهاتووە تا نوێنەرایەتی سوننییەکانی عێراق بکەن) لە ڕۆژی هەینی‌دا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات کە، هۆگرییەکیان بۆ بەشداری کردنی هێزە شێعەکان لە ئازادکردنی شاری فەللوجەدا نیە.

هێزە عێراقییەکان و میلیشیاکانی لایەنگری دەوڵەت، لە ڕۆژی سێی جۆزەردانی ئەوساڵدا چالاکییان بۆ وەرگرتنەوەی فەللوجە دەست پێ‌کردووە. ئەم چالاکییە لە ڕۆژانی دوایی‌دا، بوو بە هۆی کوژرانی دەیان چەکداری سەر بە داعش و هەروەها یەکێ لە فەرماندەکانی ئەم گرووپە چەکدارە بە ناوی ماهیر بیلاوی.

فەللوجە یەکێک لەو شارانەیە کە لە زستانی ساڵی ١٣٩٣دا کەوتە دەستی خلافەتی ئیسلامی (داعش) و بە دوای شاری موسڵ دووهەمین شاری گەورەی عێراقە کە لە لایەن هێزەکانی داعشەوە داگیر کراوە.