کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە خەمی هەڵاڵە و شلێرەدایە یان خۆی؟

22:08 - 10 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسی پاراستنی ژینگە لە کرماشان رایگەیاندوە کە دوو چەشنە گوڵی هەڵاڵە و شلێرە، مەترسیی نەمان و لەناوچوونیان لە سەرە وهەر کەس لە کێوەکانی شاهۆ و داڵاهۆ نزیک ببنەوە دەستبەسەریان دەکەن.

بەپێی هەواڵە بڵاو بووەکان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕێژیمدا، بەرپرسی دەزگای پاراستنی ژینگە لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندوە کە دوو چەشنی گوڵ واتە هەڵاڵە و شلێرە، ئەگەری لەنێوچوونیان هەیە.

غوڵامحسەین کازمی بەرپرسی پاراستنی ژینگە لە کرماشان گووتوویە کە شوێنی هەڵدان و گەشەکردنی گوڵە هەڵاڵە و شلێرە کێوەکانی زاگرۆسە و لە هەندێ شوێنی دیکەش ناوە بە ناوە دەست دەکەون، بەڵام ژینگەی سەرەکییان کێوەکانی زاگرۆسە.

ناوبراو گووتویە کە لە مانگی بانەمەڕدا ئەم دوو جۆر گوڵە کە ڕەنگی زەرد و سووریان هەیە، گوڵ دەکەن و خەڵک لە شاخەکان دەیانکەننەوە و دەیانفرۆشن، کە ئەم کارە دەبێتە هۆی لە نێو چوونی گوڵەکان!

ئەو بەرپرسە لە درێژەدا دەڵێ کە؛ بۆ پێش گرتن بەو کارە و بۆ پاراستنی گوڵەکان، هەرکەس لە کێوەکانی داڵاهۆ و شاهۆبە مەبەستی گوول چنین سەرکەوێ، پێشی پێ دەگرین و بەرخوردی پێ دەکەین!

خاڵی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسە، شوێنی ژینگەی ئەو گوڵانە کێوەکانی زاگرۆسە بە تێکڕا، بەڵام خاڵی جێی سەرنج لەوەدایە کە بۆچی لەو هەمو زنجیرە چیایە، تەنیا باس لە داڵاهۆ و شاهۆ دەکەن کە خەڵکی لێ دەستبەسەر دەکەن و لە شوێنەکانی دیکە کاریان پێ نەداون؟

لەو پێوەندییەدا چالاکێکی ژینگە پارێز بە کوردستان میدیای گوت کە؛ هەموو ساڵێ دامودەزگاکانی ڕێژیم دارستان و لەوەڕگەکانی زاگرۆس ئاور تێبەردەدەن و دەیانسووتێنن. لەو کاتەدا خەمی دارستان و ژینگەکەیان نیە، بەڵام ئەو بەرپرسە لە نێو ئەو هەموو ئاگر و سووتانەدا تەنیا باس لە گوڵی هەڵاڵە و شلێرە دەکات و ئەویش بە دیاری کراوی تەنیا لە دوو شوێنی داڵاهۆ و شاهۆ! ئەو قسانە جێی گومانە و دیارە کە پیلانی دیکەیان بەدەستەوەیە.

ئەو چالاکە ژینگە پارێزە ئەوەی گوت کە؛ بۆ پێشگرتن بە ئاگرتێبەربوونی دارستانەکان و کێوەکانی زاگرۆس، چەندین جار سەردانی بەرپرسان و تەنانەت خودی کازمی، بەرپرسی پاراستنی ژینگەیان لە کرماشان کردوە و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە وهاوکارییان نەکردوە.

بە پێی قسەکانی ئەو چالاکە، هەر بە پێی قسەکانی خودی کازمی، کاتی گوڵ کردنی هەڵاڵە و شلێرە لە مانگی بانەمەڕدایە و بانەمەڕیش تەواو بوو و خەریکە بەرەو هاوین دەڕۆین، چۆنە کە ئێستا دوای کۆتایی هاتنی وەرزی هەڵاڵە و شلێرە دەیانەوێ ئەو گوڵانە بپارێزن؟ مەگەر ئەوەی کە ڕێژیم لە ژێر ناوی پاراستنی گوڵی هەڵاڵە وشلێرەدا کێوەکانی داڵاهۆ و شاهۆ ئاگرباران بکا و بۆ پێشگرتن بە بوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە، بە بیانووی پاراستنی گوڵ! ناوچەکە نیزامی بکاتەوە.