کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێندێک بەرچاوڕوونی دەربارەی دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی

23:09 - 27 جۆزەردان 2716

مستەفا هیجری

لەم دواییانەدا هێندێک باس‌وخواس دەربارەی دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتۆتە گۆڕێ. ئەو کەسانەی ئەم دروشمە دەبەنە ژێر پرسیار، بەچەند بەڵگە خوێندنەوەیەکی دروستیان لەم دروشمە نیە. بەڵام بردنە ژێر پرسیاری ئەم دروشمە سەرەکییەی خەباتی ئێمە لەم قۆناغەی تێیداین، لەگەڵ ئەوەی هەڵەیە، ئەم سوودەی لێ دەکەوێتەوە کەپاڵمان پێوە دەنێ هەتا جارێکی دیکە بە شێوەیەکی قووڵتر ئەم دروشمە بۆ خەڵکی خۆمان شی بکەینەوە. هەوڵ دەدەم بەڵگەکانی ناڕاست بوونی ئەم بۆچوونە بە ڕوونی لێک بدەمەوە.

بەڵگەی یەکەم. ئەم کەسانە پێیان وایە کاتێک حیزبێکی سیاسی دروشمی ڕووخانی سیستمێک هەڵدەبژێرێ، مەبەستی ئەوەیە خودی ئەو حیزبە بەشێوەیەکی ڕەها و بە بێ پێوەندی لەگەڵ فاکتەرە زۆر و زەوندەکانی دیکە سیستمەکە دەڕووخێنێ و هەر بۆخۆشی سیستمێکی ئالتێرناتیڤی لەجیاتی دادەمەزرێنێ. پێویستە ئەم ڕاستییە ڕوون بکەینەوە کە کاتێک حیزبێکی سیاسی دروشمی ڕووخانی سیستمێک هەڵدەبژێرێ، بەر لە هەر شتێک مەبەستی ئەوەیە ئەو ئیدەئال و پڕۆژە و بەرنامانەی ئەم حیزبە لەبەرچاویەتی و ئەم مۆدێلەی ئەم حیزبە بۆ حوکمڕانی بڕوای پێیەتی، لەچوارچێوەی ئەم سیستمەدا وەدی نایە. بە دەربڕینێکی تر مانای ئەم دروشمە ئەوەیە کە مۆدێلی ئەم حیزبە سیاسییە بۆ حوکمڕانی و مۆدێلی ئەم سیستمە بۆ دەسەڵاتداری (مانعەالجمع)ن. واتە تا ئەو کاتەی ئەم سیستمە دەسەڵاتی بەدەستەوە بێ، لە چوارچێوەی ئەم سیستمەدا مۆدێلی سیاسیی دڵخوازی حیزبەکە وەدی نایە و هەر کاتێکیش مۆدێلی دڵخوازی حیزبەکە هەلی بەڕێوەچوونی بۆ ڕەخسا، ئەوە بێ‌گومان سیستمی گۆرین دەسەڵاتی نەماوە. جا ئێستا ئەوانەی گومان لە ڕەوا بوونی دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، با وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە چەندە شیمانەی ئەوە دەکەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەسەڵاتی تەواوی هەبێ و کورد بتوانێ مۆدێلی حکوومەتێکی فێدراڵیی دێموکرات لە کوردستان دابمەزرێنێ؟

بەڵگەی دووەم. وەک باسمان کرد کاتێک حیزبی دێموکرات باسی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکات، مەبەستی ئەوەیە ئیدەئالە سیاسییەکانی ئەم حیزبە بە نەمانی ئەم سیستمە دەستەبەر دەبێ، نەک بە مانەوەی، کەوابوو حیزب لە ئیئتلاف و هاوبەندیی سیاسی‌دا نابێ خۆی لەنێو ئەم هێز و لایەنانەدا ببینێتەوە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەکەن و گەرەکیانە بەشێوەی جۆراوجۆر پایەکانی دەسەڵاتی ئەم حاکمییەتە سەقامگیر بکەن.

ئەگەر حیزبێک بڕوای بە ئیدەئال بوون و مومکین بوونی ڕووخانی سیستمێک هەبێ، شێوەی خەبات و تێکۆشانی خۆی و شێوەی دروست کردنی هاوبەندییەکانی، بە چەشنێکی تایبەت ڕێک دەخا و، ئەگەر بڕوای بە ئیدەئال نەبوون و مومکین نەبوونی ڕووخانی ئەو سیستمەش هەبێ، کار و تێکۆشانی خۆی بە چەشنێکی دیکە ڕێک دەخات. ئێستا ئەو کەسانە با وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە حیزب دەبێ کار و تێکۆشانی خۆی چۆن ڕێک بخات؟

بەڵگەی سێهەم. هەڵەی بۆچوونی ئەم کەسانە لەوەدایە کە ڕەنگە نەزانن دروشمی ڕووخانی سیستمێکی ناکارامە، فەلسەفەیەکی زۆر قووڵتر لە دروشمێکی دۆن کیشۆت ئاسای ڕواڵەتیی لە پشتە: کاتێک حیزبێک باسی ڕووخانی سیستمێک دەکات، مەبەستی ئەوەیە ئەم سیستمە ناکارامەیە و دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی سەردەمیانە، هەم لە بواری فیکری و هەم لە بواری شێوەی دەسەڵاتداری هەیە. کاتێک حیزبێک باسی ڕووخانی سیستمێک دەکات، مەبەستی ئەوەیە ناکۆکییە دەروونییەکانی ئەم سیستمە و ناکۆکییەکانی ئەم سیستمە لەگەڵ ئەو خەڵکەی حوکمڕانییان بەسەردا دەکات، ناکرێ بە شێوەیەکی دێموکراتیک چارەسەر بکرێن، بەڵکوو ئەم سیستمە بە زەبری دامەزراوە ئەمنیەتییەکان و بەهۆی توندوتیژی و بەکارهێنانی زەبروزەنگی نائاسایی، ئەم ناکۆکییانە هەتا ماوەیەک دەشارێتەوە. کاتێک حیزبێک باسی ڕووخانی سیستمێک دەکات واتە بڕوای بە مەشرووعییەتی بەربڵاو و درێژخایەنی ئەم سیستمە لەناو خەڵکدا نیە. کاتێک حیزبێک باسی ڕووخانی سیستمێک دەکات مەبەستی ئەوەیە ئەگەر بێتوو هەلی هەڵبژاردنێکی ئازاد و تەنانەت نیوە ئازادیش بۆ خەڵک بڕەخسێ، پایەکانی دەسەڵاتی ئەم سیستمە شەق دەبەن.

ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنی ساڵەکانی ٧٦ و ٨٨ ئەم بۆچوونە پشت‌ئەستوور دەکەن. دەزانین ئەو پڕۆژەیەی لە ئێران‌دا بە هەڵبژاردن ناوی دێ، پڕۆژەیەکی یەکجار زۆر کۆنترۆل‌کراو و حکوومەتییە. لەم دوو دەورەیەدا هەر لەگەڵکوو ـ بە هێندێک هۆ ـ تۆزقاڵێک لەم کۆنترۆڵە کەم کرایەوە، پایەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری وە لەرزین کەوت. ئەوە لە حاڵێکدایە ئەم هەڵبژاردنانە بە گوێرەی پێوانە ناسراوەکانی هەڵبژاردن، نەدەکرا بە هەڵبژاردنی نیوەئازادیش حیساب بکرێن. قسەی ئێمە ئەوەیە، سیستمێک نەتوانێ تەنانەت پابەندی ئاکامی هەڵبژاردنی کۆنترۆڵکراوی خۆیشی بێ، ناکرێ مەحکووم بە ڕووخان نەبێ.

کاتێک حیزبی ئێمە دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پەسند دەکات، مەبەستی ئەوەیە سروشتی ئەو ڕێژیمە لە بنەڕەتدا و سەرەڕای هێندێک جیاوازیی ڕواڵەتی، هەمان سروشتی ڕێژیمی ستالین لە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو و هەمان سروشتی حکوومەتی سەدام لە عێراق و هەمان سروشتی حکوومەتی قەزافی لە لیبی‌یە. ئەو حکوومەتانە - کاتێک ناتەبایی‌یەکانیان گەیشتە ئاستی لەبەریەک هەڵوەشانەوە - چەندە توانییان لە بەرانبەر ڕووخان‌دا خۆیان بگرن، کۆماری ئیسلامیش لەکاتی خۆی‌دا هەر هێندە دەتوانێ لەبەرانبەر ڕووخاندا، خۆی بپارێزێ.

بەڵگەی چوارەم.ئێمە بە نیسبەتی دەوری خۆمان لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، نە دەبێ خۆمان لەوەی کە هەین بە زیاتر بزانین و نە بە کەمتر.

ئەم خوێندنەوانە هەر دووکیان هەڵەن. پوختەی قسەی ئێمە ئەوەیە: ئەو ڕۆژەی کە کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ، بزووتنەوەی کوردیش دەور و شوێنی خۆی لەم ڕووخانەدا دەبێ. ئەو کەسانەی دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە ئێمە ناڕووخێ، نابێ لە بیریان بچێ، لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا کورد و هێزی کورد، بێ تەئسیر نابن. کاتێک حیزبی ئێمە دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەرز دەکاتەوە، مەبەستی ئەوەیە حیزبی ئێمە و بزووتنەوەی دێموکراتیک و ڕزگاریخوازانەی گەلی ئێمەش بەشێکن لەو هێزانەی لە کۆتایی‌دا کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووخان پەلکێش دەکەن. بڕوای ئێمە ئەوەیە نەک هەر حیزبی ئێمە، بەڵكوو هەر حیزب و لایەنێک خەباتی دێموکراسی‌خوازانە بەشێوەیەکی جیددی بەڕێوە ببا، بەشێکە لەو هێزانەی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ بەرەو ڕووخان دەبا.

لەبیرمان نەچێ هێزی کورد لە عێراق ڕێژیمی بەعسی پێ نەڕووخا، بەڵام بەشێکی بەرچاو بوو لەو هێزانەی ڕێژیمی بەعسیان بەرەو دۆخی نەمان پاڵ پێوەنا. ئەم قسەیە هەر کورد و هەر حیزبی دێموکرات و هەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناگرێتەوە. با قسە لە واقیعێکی سیاسیی بەربڵاوتر بکەین و خوێندنەوەیەکی گشتگیرتر بەدەستەوە بدەین. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە: لە هەر سیستمێکی نادێموکرات و ناسەردەمیانەدا، هەر حیزب و لایەنێکی دێموکرات بەشێکە لەو هێزانەی سیستمەکە بەرەو ڕووخان دەبەن. ئەم گوتەیە نەک هەر دەربارەی حیزبی ئێمە و لە ئێران‌دا، بەڵکوو دەربارەی هەر لایەنێکی دیکە، لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان وەڕاست دەگەڕێ.

بەڵگەی پێنجەم. هێزێکی دێموکرات و پێشکەوتنخواز چۆن دەبێتە بەشێک لە پرۆژەی ڕووخانی بەرهەست یان نابەرهەستی سیستمێکی ناکارامە و دواکەوتوو؟ مێکانیزمی ئەم بەشدارییە چۆنە؟ هەوڵ دەدەین لەم بەشەدا تیشکێک بخەینە سەر ئەم مێکانیزمە.

هەر سیستمێکی ناکارامەی نادێموکرات، لە ئەنجامی سێ ناکۆکیی سەرەکی‌دا کەلێنی تێ دەکەوێ و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو تێداچوون و لەبەریەک هەڵوەشانەوە دەچێ. ئەم ناکۆکییانە ئەمانەن:

ناکۆکی لەناو خودی لایەنەکانی دەسەڵات‌دا: هەر سیستمێکی نادێموکرات بەگوێرەی سروشتی نادێموکراتی خۆی لە شەفاف بوون دوورە و هەر سیستمێکیش لە دۆخی شەفاف بوون دوور بێ، دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی هێز و لایەنی ناسڵامەت و شێوە مافیایی و ڕكەبەر. ئەم لایەنانەی ناو حکوومەت لەبەر ئەوەی لە پلەی یەکەم‌دا یەکجار ناتەندروستن و لەپلەی دووەم‌دا لەناو دۆخی ناشەفاف‌دا هەر دێ و زەبەلاحتر و ناتەندروستتر دەبن و هەر دێ و توانای ماددییان زیاتر دەبێ و لە پلەی سێهەم‌دا بە توندی لەگەڵ یەکدا ڕکەبەرایەتی دەکەن و بەرژەوەندییەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەریەک دەکەوێ، هەر بۆیە هەنگاو بە هەنگاو زیاتر بەرەو دۆخی تێک هەڵەنگووتن و پێک هەڵپڕژان دەچن.

ناکۆکیی دەسەڵات لەگەڵ خەڵکی خۆی: سیستمە نادێموکراتەکان زیاترین هەزینە بۆ کۆنتڕۆل کردنی خەڵکی خۆیان خەرج دەکەن. ئەم سیستمانە لەبەر ئەوەی وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکیان پێ نییە، ویست و داخوازییەکانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ کەڵەکە کراوتر و داپەستراوتر دەبن و هەر بۆیە کەلێن و دابڕانی نێوان خەڵک و دەسەڵات هەر دێ و زیاتر دەبێ. ئەم سیستمانە هێندێک جار بەهۆی بەکار‌ هێنانی گوشار و زەبر و زەنگی لەڕادەبەدەری دەزگا ئەمنیەتییەکان لەسەر خەڵک، ڕواڵەتێکی سەقامگیر لەو کۆمەڵگایەی حکوومەتی بەسەردا دەکەن پێشان دەدەن، بەڵام ئەو سەقامگرتووییە، تەواو ڕواڵەتییە و کێشە و ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە ڕاستیدا عیلاج نەکراون، بەڵكوو بۆ چینە شاراوەکان و توێژە قووڵترەکانی ناو کۆمەڵگا دوور خراونەتەوە و ئەم کێشە و ناکۆکییانە لە دۆخی لەبار وەکوو ئاگرپژێنێک سەر هەڵدەدەن.

ناکۆکیی نێوان دەسەڵات و سروشتی پێوەندییە جیهانییەکان: سیستمی نادێموکرات نەک هەر کێشەی لەگەڵ خەڵكی خۆی هەیە، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ جیهانی دەوروپشتی خۆشی هەیە. سیستمی نادێموکرات لە بنەڕەتدا سیستمێکی نەحاواوەیە. هەم لەگەڵ خەڵکی خۆی نەحاواوەیە و هەم لەگەڵ دەوەڵەتە بیانییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە نێو دەوڵەتییەکان. ئەم سیستمە بەردەوام تەحریمی دەخرێتە سەر. چوونکە تووشی چەندەها جۆر تاوانی گەورە دەبێ، هەر بۆیە بە چەندین شێوەش تەحریم دەکرێ. ئەم سیستمانە لە تەحریمێکەوە تووشی تەحریمێکی دیکە دەبن و بۆ لابردنی ئەم تەحریمانە دانوستان لە دوای دانوستان و وتووێژ لەدوای وتووێژ دەکەن. هەڵبەت ئەم دانوستانانە هەر بە ڕواڵەت دانوستانن، بەڵکوو لەڕاستیدا پاڕانەوەی شاراوە و ئیمتیازدانی لە چوارچێوەی سیستمی حقوو‌قیی نێونەتەوەیین. ئەو تەحریم و ئیمتیاز دانە بەردەوامانە بەرە بەرە هەم سیستمەکە لاواز دەکەن و هەم خەڵکیش عاجز و تووڕە دەکەن. لە لایەکی ترەوە سیستمی نادێموکرات هەر لە شەڕێکەوە دەگلێتە ناو شەڕێکی دیکە و بۆ هەر شەڕێکێش ناوێکی پیرۆز دەبینێتەوە. شەڕێک دەبێتە بەرخۆدانی پیرۆز و شەڕێک دەبێتە بەرگری کردن لە حەرەمە پیرۆزەکان و... هتد. ئەم شەڕانە بەرە بەرە ژێرخانی ئابووریی وڵات هەڵدەتەکێنن و خەڵکیش ناڕازی‌تر دەکەن.

بەڵام هێزە دێموکراتەکان لە هەر سێ خاڵی پێشوودا، ناکۆکییەکان مودیرییەت یان بەڕێوەبەرایەتی دەکەن، واتە دەیانکەن بە هێزی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ سیستمی داپلۆسێنەر. لە لایەکەوە خەڵکی نێوخۆ و کۆر و کۆمەڵە بیانییەکان لەو ناکۆکییانە ئاگادار دەکەنەوە و لە لایەکی دیکەوە، ئەم ناکۆکییانە لە چینە شاراوەکانی کۆمەڵگاوە دێننە چەقی کۆمەڵگا و دەیانکەنە داینەمۆ و هێزی بزوێنەری خەڵک. سیستم دەیەوێ بوونی ئەم ناکۆکییانە بە دۆخێکی سروشتی وەسف بکات، بەڵام هێزە دێموکراتەکان هەوڵ دەدەن هەرچی زیاتر ناسروشتی بوون و کارەساتبار بوونی ئەم دۆخە ئاشکرا بکەن. ئەم هەوڵانە هەموویان وردە هەنگاوی بەرەو ڕووخاندنی سیستمن و هەموو هێزە دێموکراتەکان لەم هەولانەدا بەشدارن.

هەر وەک نموونە کارکردی هێزێکی وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مودیرییەت کردنی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ئێراندایە.

سیستمی حاکم دەیەوێ دۆخی نایەکسانیی ئتنیکی لە ئێراندا و شێوەی دەسەڵاتداریی ناوەندخواز لەم وڵاتە وەک دۆخێکی تەواو سروشتی و بێ ئالتێرناتیڤ پێشان بدات، بەڵام حیزبی دێموکرات هەوڵ دەدا هەم ناسروشتی بوون و زۆردارانە بوونی ئەم شێوە دەسەڵاتدارییە نیشان بدا و هەم ئالتێرناتیڤی سەردەمییانە بۆ لابردنی ئەم نایەکسانییە بە خەڵک بناسێنێ و هەم ناڕازی بوونی خەڵك لە ستەمی نەتەوایەتی بکات بە داینەمۆی خەبات بە دژی سیستمی داپلۆسێنەر و بەم شێوەیە بەڕێوەبەرایەتی بەشێک لە ناکۆکییەکانی دەستەی دووەم دەکات، لە لایەکی دیکەوە خەباتی خەڵکی کورد بە دژی سیستم پەرە ستاندنی ئەم خەباتە و تێپەڕینی لە بابەتێکی نێوخۆیی بۆ بابەتێکی ناوچەیی و دەرەکی، ناکۆکیی نێوان دەسەڵاتی نێوخۆ و جیهانی دەرەوەشی لێ دەکەوێتەوە، واتە حیزب بۆی هەیە لە مودیرییەتی ناکۆکییەکانی دەستەی سێهەمیش‌دا دەور بگێڕێ.

بە کورتی هەر حیزب و لایەنێکی دێموکرات دەتوانێ مودیرییەتی بەشێک لەم ناکۆکییانە وە ئەستۆ بگرێ و بەم شێوەیە ببێتە بەشێک لە پرۆژەی بەربڵاوی ڕووخاندنی سیستمی حاکم.

دروشمی ڕووخاندنی سیستمی داپلۆسێنەر لە زۆر بارەوە بۆ هێزە دێموکراتەکان گرینگە. لە لایەکەوە ئاسۆی ئایندەیەکی ئیدەئال و دڵخواز وێنا دەکات، لە لایەکی ترەوە سروشتی نادێموکراتی دەسەڵات ئاشکرا دەکات و لە لایەنی سێهەمیشەوە دەبێت بە پرەنسیپێک بۆ ڕێکخستنی شێوەی خەباتی هێزە دێموکراتەکە و پاراستنی خەسڵەتی شۆڕشگێڕ بوونی ئەم هێزە.

ئەو یاسایە هەر ئێمەی کورد ناگرێتەوە؛ هەمیشە وایە ئەگەر خەباتی ڕزگاریخوازانە کاتێکی زۆر بخایەنێ و قۆناغی زۆر ببڕێ، گەورەترین مەترسی کە هەڕەشە لە خەباتکاران دەکات، لەکیس‌دانی خەسڵەتی شۆڕشگێڕ بوونە. دابەزینی گیانی شۆڕشگێڕ بوون سەرەتای ئیستحالەیەکی مەترسیدارە کە ئێمە هاوشێوەی ئەو ئیستحالەیەمان لەو جەریانەی خۆی بە لایەنگری کۆنگرەی چوار پێناسە دەکرد، بە ئاشکرا دیت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێک بە دژی ئەم ئیستحالە سامناکە و لەپێناو بەرز کردنەوەی گیانی شۆڕشگێڕانە و بەگشتی لە پێناو پاراستنی پرەنسیپی شۆڕشگێڕ بوون و خەباتی شێلگیرانە و هەمەلایەنە کار دەکات و ئەم شێوە خەباتە بە پرەنسیپێکی نەگۆڕی کار و تێکۆشانی خۆی دەزانێ.

کەوابوو بڕووخێ هه‌موو سیستمێکی داپڵۆسێنەر و ناسەردەمیانە و نابەرپرس و نادێموکرات.