کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران داوای لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کرد کە کەلاکەکانیان ڕادەست کەنەوە

23:17 - 7 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی جینایەتکاری ئیسلامیی ئێران داوایان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردووە کە کەلاکی کوژراوەکانیان ڕادەست کەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی ڕێژیمی داپڵۆسێنەری ئیسلامیی ئێران لە سەوڵاوا بە زۆر ژمارەیەک لە خەڵکی گوندی دووڕوویان ناردووەتە لای پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە داوایان لێ بکەن پێشمەرگەکان ئیزنیان پێ بدەن کەلاکی بۆگەن‌ بووی کوژراوەکانیان بەرنەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، پێشمەرگەکان بە هەست بە بەرپرسایەتی‌ کردن لەهەمبەر ژینگە و یاساکانی شەڕ لەگەڵ داواکەیان موافەقەتیان کردووە و پێیان گوتوون ئامادەین کوژراوەکانتان ڕادەست بکەینەوە بەو مەرجەی سپای پاسدارانیش تەرمی دوو شەهیدمان کە کەوتووەتە دەستیان ڕادەستی ئێمەی بکەنەوە.

دوای ئەو داواکارییەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە بەرپرسانی دژەگەلیی ڕێژیمی ئێران دەسەڵاتدارانی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە وەک هەمیشە هیچ بایەخێک بۆ زیندوو و مردووی چەکدارەکانیان دانانێن لە ئاڵوگۆڕ کردنەوەکە پاشگەز بوونەتەوە.

هەر بە گوێرەی ئەو هەواڵە خەڵک لە بنەبەرد و دەوەنابندا، لە گەڕانەوەدا توشی چەند برینداری نیوە گیانی هێزەکانی ڕێژیم دەبن و لەگەڵ خۆیان دەیانبەنەوە سەوڵاوا.