کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا فەحس: دەست‌پێکردنەوەی شەڕی چەکداری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یەکەم شکستی ڕێژیمی ئێرانە

17:43 - 9 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: مستەفا فەحس، نووسەری ناوداری عەرەبی لوبنانی باسی لەوە کردووە کە دەست‌پێکردنەوەی شەڕ لە حەلەبەوە بۆ مەهاباد یەکەم شکستی سەربازیی ئێران بووە.

مستەفا فەحس، نووسەری ناوداری لوبنانی و پسپۆڕ لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا ، گوازرانەوەی شەڕ لە حەلەبەوە بۆ مەهاباد و دەست‌پێکردنەوەی شەڕی چەکداریی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە ناو جەرگەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دژی سپای ئێران، بە یەکەم شکستی سەربازیی ئێران دادەنێت و پێی وایە کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ئێرانەوە دەبێ.

ئەو نووسەرە عەرەبە لە وتارەکەیدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بڵاو بووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو خەباتەی گەلی کورد لە کوردستانی باشوور، ڕۆژئاوا و باکوور بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆی دەیکرد، ئێستا گەیشتووەتە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش.

مستەفا فەحس هەروەها ڕایگەیاندووە کە حکومەتی ئێران بۆ بەرژەوەندیی خۆی، نەک دان پێدانان بە مافەکانی گەلی کورد، ماوەیەک پشتگیریی کوردانی کوردستانی ڕۆژئاوای کرد و هەوڵی دا کانتۆنەکانی ئەو بەشەی کوردستان لە دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیە بەکاربهێنێت.

فەحس هەروەها دەڵێت: ئیتر ئێران لە ڕەشەبا سیاسییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پارێزراو نیە و ئەو چاڵەی بۆ دراوسێیەکەی لێدا، خۆی کەوتە ناوی.