کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کڕنۆشێک بۆ کاوە ئاوازێک بۆ سەرکەوت

19:33 - 19 پووشپەڕ 2716

مەجید حەقی

قارەمانی ڕاستەقینە کەسانێکن کە گیانی خۆیان لە پێناو ئامانجێکی گەورەتر فیدا دەکەن. کەسانێکن کە مەرگ بە هەڵبژاردەی خۆیان بە چۆکدا دێنن. کاتێک مەرگی قارەمانان دێت، ئەوان ترسنۆکانە ناپاڕنەوە لە بەر مەرگ، دەست بۆ ئاسمان هەڵنابڕن بۆ ئەوی چەند ساتێک ژیان بکەن بۆ گۆڕینی ڕێگای ژیانیان. ئەوان گۆرانی بەسەر مەرگدا دەچڕن و مردن دەکەنە ژیانێکی نوێ. مەرگی خۆیان دەکەن بە شۆڕشێک و ژیان دەبەخشنە مرۆڤایەتی. تا دوا هەناسە ئەویندارن، ئاوازی عەشق دەخوێنن، هیوا دەبەخشن بە ئەویندارانیان، ژیان دەبەخشن بە دەوروبەریان، وزە دەدەنە بێ هیوایان، ژیان و چاوەڕوانانی مەرگی هەر ڕۆژە.

قارەمانان و ڕێبەرانی ڕاستین لە دواساتەکانی ژیانیاندا، لە دوا هەناسەکانی بەرخوداندا نیشان دەدەن کە توانایی ئەوەیان هەیە، قووڵترین گۆڕانکاری لە نێو مرۆڤدا پی‌بێنن، ئەوان خاوەنی شیان و بڕوایەکی وا قووڵن کە بە مەرگی خۆیان، واتا و فەلسەفەیەکی دیکە بەژیان ببەخشن. سنووری نێوان مەرگ و ژیان بکەنە خاڵی دەسپێکی وەرچەرخانی کۆمەڵگا و ببنە ئاوازی هەتا هەتای هەستانەوەی نەتەوەیەکی پارچە پارچە کراو. ئەوان قارەمانانی شانۆی ژیانن و بە دوا هەڵبژاردەی خۆیان، ژیانی ئێمە مرۆڤە ئاساییەکان بەرەوڕووی لێگەری بەخۆداچوونەوە و قووڵتربوون لە واتای ژیان و ژیانەوە دەکەن.

ئەوان خەڵکیان هان نەدا بۆ ئەوەی بەشداری لە سەنگەری بەرگری بکەن، ئەوان پێش خەڵک کەوتن، گەورەترین و بەڕواڵەت بەهێزترین دوژمنی کوردیان بە خوڵقاندنی داستانی ئەفسانەیی بەرخودانیان بەچۆکدا هێنا، نیشانیان دا کاوە وتەنی ئێشی ماڵئاواییەک کە هیچ دڵنیاییەک بۆ گەڕانەوە نیە، بەنرختر و قووڵتر لە ئازاد کردنی شار و گوندێکە.

کاوە و سەرکەوت بوون بە هەڵۆی بەرزترین بەرزاییەکانی ئاسمانی کوردستان. بوون بە ئەستێرەی ڕێنیشاندەری ژیانەوەی کوردستان، بوون بە بڵێسەی ئاگری شۆڕشی ژیان خوڵقاندن و دووبارە گیاندانەوە بە نەتەوەیەک کە هەموو ڕێگاکانی هەناسەکێشانیان لێ زەوت کراوە. مرۆڤایەتیان لێ ئەستێندراوە. هەستی مرۆڤایەتیان کوژراوە و بوون بە قوربانی خۆخۆریی کورد. لەوەها کەشێکدا ئەوان بۆ دووبارە هەژاندنی ویژدانی مرۆڤایەتیان، بۆ ڕەواندنی تۆزی فریوخواردن و خۆدۆڕاندنیان مەرگی سوور لە پێناوی ژیانێکی مرۆڤانە و سەربەستانە هەڵدەبژێرن، مەرگێک کە شتێک نیە جگە لە ژیانی هەتاهەتایی، مەرگێک کە بێژمارە چاکتر و سەربەرزانەترە لە ژیانێکی تێکەڵ بە بندەستی، بەچۆکداهاتن، دۆران و لەناوچوونی ڕاستی.

نەیارانی کوردستان، داگیرکەرانی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی، بەشێوەیەکی چڕ لە هەوڵی ئەوەدان کۆمەڵگای کوردستان و شۆڕشەکەی بەرەو سەدەکانی نێوەڕاست و دۆڕاندنی سیمای مرۆڤایەتی لە کوردستان بگەڕێننەوە. هەڵسوکەوتیان لە گەڵ کورد وەک کۆیلەکانی سەردەمی دڕندەیی و بێ‌شارستانیەت، بێ‌نرخ کردنی ژیانی مرۆڤی کوردە. کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی، بە هەڵبژاردنی جۆری شەهید بوونیان راسانی ڕۆژهەڵاتیان کرد بە ژێدەری بەرگری لە گەڕانەوەی کورد بۆ سەدەکانی نێوەڕاست، کردیانە سووژەی چێرۆکی ڕۆح بەخشی شەوانی دایک و باوکان بۆ نەوەکانی داهاتوویان تا بایەخە مرۆڤییەکان بەگوێ کۆرپەکانیاندا بچڕن.

لە ڕۆژگاریکدا کە کۆماری ئیسلامی سێبەری مەرگ و تاریکی بەسەر کوردستاندا زاڵ کردووە، کاوە و سەرکەوت زاراوەیەکی مرۆڤایەتیان بەخشی کە بۆنی ژیان، نوێگەری، تازەیی و خۆشەویستی لێی بەرز دەبێتەوە. چیرۆکی شەهید بوونی کاک کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی، کردنەوەی پەنجەرەی دووبارە دیتنی خۆری هەتاو بەسەر مرۆڤایەتی و ڕۆحی ئەستێندراوی ئەهوورایی لە کوردستان بوو.

پەنجەرەیەک کە لەودا مەرگ ویستن و شەهید بوون ببێتە هەناسەی لەدایکبوونی ژیانێکی ڕاستەقینە. ئەوان لە دوایین ساتەکانی ژیانیان بە خۆ تەقاندن و شەهیدبوون نیشانیان دا کە مەرگی سەربەرزانە شتێک نیە جگە لە ژیانێکی هەتاهەتایی لە بەرانبەر تەسلیم بوون و خۆ بەدەستەوەدان.

خەباتی کورد، شۆڕشی شەهیدپەروەری و شەهادەتخوازی نیە. بژی شەهیدبوون لە پێناو ئەرکی ژیان، لە پێناو کردنەوەی پەنجەرەکانی ژیان بەسەر تاریکی و ژێردەستی‌دا. مەرگی کاوە و سەرکەوت ژیان‌ئاسایە، ژیانێک پڕ لە بەهار و خۆشەویستی. ئەوان بە مەرگی خۆیان خۆشەویستیان بۆ ئەژین و موژدە هاوسەرانی کاک کاوە و کاک سەرکەوت کردە هەستێکی هەتاهەتایی. چاو لە ڕێگایانێک کە وەک هەموو سۆزداران هەناسە ژمێرییان دەکرد بۆ دیداری دووبارە لە گەڵ گەورەترین ئەوینی ژیانیان. هاوسەرانێک کە خۆشیی ژیان و چالشی شۆڕشگێڕییان کردە خاڵی پێکەوە گرێدانی هەست و هەیەجانی پێکەوە گرێدانی ڕۆحی مرۆڤایەتی. ئەوان نیشانیان دا بۆ تێگەیشتن لە هەستی ئەبەدی دەبێ ببی بە ئەو هەستە. بۆ ئەوەی هەست بە ژیان بکرێت، ئەوان ژیانیان هەڵبژارد. ژیانێکی سەربەست، سەربڵند، ئاگادارانە و بەبڕیار. گیانی خۆیانیان کردە مەتەرێزی دووبارە ژیانەوەی هەست بە مرۆڤبوون کردن. ئەوان بە هاواری دەنگی قاسملوو چوون گەلێک ئازادی بوێت دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدەت. ئەوان پەیامی دوکتور سادق شەرەفکەندیان زیندوو کردەوە، مەرگ لە پێناو ژیانێکی سەربەستانە چاکترە لە ژیان لە بن دەستی و ژێرچەپۆکی دا.

کاتی ئەوەیە پەیمان نوێ بکرێتەوە باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی ڕێگایانە. لەو ڕێگایەدا کاوە، سەرکەوت و شەهیدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، سەمبۆل و هێمای دەسپێکێکی نوێن. دەسپێکێکی یەکگرتوو، بەهێز، دینامیک، پڕلەخۆشەویستی و بەهیوا بۆ داهاتوویەکی گەشتر.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە