کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچانی ژێر ١٨ ساڵ لە بێهزیستییەکاندا بە شوو ئەدرێن

22:54 - 29 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی منداڵان و مێرمنداڵانی بێهزیستی ڕایگەیاند: کچانی ژێر ١٨ ساڵ لە لای ئێمە بەشوو دەدرێن.

ڕۆژنامەی آرمان امروز لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لە سەر بارودۆخی بێهزیستییەکان لە ئێراندا بڵاو کردووەتەوە کە لە بەشێکیدا لە زاری سەرۆکی ئیدارەی منداڵان و مێرمنداڵانی بێهزیستییەوە ئاشکرای کردووە کە ئەگەرچی بڕیار وایە کە کچانی بێهزیستی لە تەمەنی سەروو ١٨ ساڵ بەشوو بدرێن بەڵام ئەم بڕیارە کەمتر جێبەجێ دەکرێ و کچانی ژێر ١٨ ساڵیش بەشوو دەدرێن.

بەپێی ئامارەکان ٩٣٠٠ منداڵی بێ سەرپەرەست لە ناوەندەکانی بێهزیستیدا دەژین.

دوایین ئامارە حکومەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ٨٠٠ هەزار منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە ئێراندا ژیانی هاوبەشیان بۆ پێک هێنراوەکە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا گەلێک زۆرە و ئێرانی خستووەتە ڕیزی وڵاتانێکی وەک بەنگلادێش.

پسپۆڕانی ئەم بوارە پێیان وایە هەژاریی ماڵی و فەرهەنگی یەکێک لە بناغەیی‌ترین هۆکارەکانی هاتنە ئارای ئەم دیاردە و گەشەسەندنیەتی و یاسا ئیسلامییەکانیش ڕێگەیان بۆ ئەم پرسە خۆشتر کردووە.

ماوەیەک پێش ئێستا دامەزراوەی ناحکومی پۆڵن یوکی لە بریتانیا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو: لە ساڵدا ١٠ میلیۆن کچی ژێر ١٨ سال لە جیهاندا بە شوو دەدرێن کە دەکاتە ١ کچ لە ٣ چرکەدا!