کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بڕوای بە بەکرێگیراوانی خۆی نەماوە

00:56 - 1 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: لە دوای هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و بەرپەرچدانەوەی قارەمانانەی ئەو هێرشانە، ژمارەیەکی زۆر لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم کە لەو شەڕانەدا بەشدارییان نەکردبوو دەستبەسەر کران و بە دوای ئەوەدا ڕێژیم بڕوای بە بەکەرێگیراوانی نەماوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسداران و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە دوای شەڕ و تێکهەڵچوونەکانیان لەگەڵ پێشمەرگەدا بڕوایان بە هێزەکانی سەر بە ڕێژیم لەو ناوچەیه نەماوە و ئەو هێزانەی کە ساڵانێک بەکرێگیراو و سەر بە ڕێژیم بوون لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیم جێگە و پێگەیەکیان نەماوە و بۆ کارەکان بڕوایان پێ ناکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری مەریوانەوە ڕایگەیاند کە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە کە لە لایەن خەڵکەوە بە جاش ناسراون و بە تایبەت جاشی زۆر بەرچاویان تێدا هەیە کە خەڵکی ناوچەکه هەموویان دەیناسن، لە لای ڕێژیم ئێعتبارێکیان نەماوە. ڕێژیم دوای شەڕو تێکهەڵچوونەکانی سەوڵاوا و بۆڕیەر کە بەکرێگیراوانی ڕێژیم خۆیان لە شەر دەپاراست و شەڕیان بۆ ڕێژیم نەدەکرد، ژمارەیەکی زۆری لێ دەسبەسەر کردن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە لایەن سپای تیرۆریستیی پاسدارانەوە خانەنشین کراون و چەک و ئیمکاناتەکەیان لێ سەندوونەتەوە که نەکا لە ڕۆژانی شەڕ و تەنگانەدا تەقە لە هێزەکانی سپا بکەن و پێیان وتوون تەنیا وەکوو سیخووڕ و هەواڵدەر کار بۆ سپای پاسداران بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو جۆرە کەسانەی کە ساڵانێک خزمەت بە دوژمن دەکەن و ئێستا لە کاتی هەستیاردا چەکەکانیان لێ دەسێننەوە، تازە بۆیان دەرکەروتوە کە ڕێژیمی سەرکوتکەری تاران، بڕوای بەوانیش نیە و تەنیا بۆ داپڵۆسینی خەڵک و دووبەرەکی نانەوە کەڵکی لێ وەرگرتوون و لە کاتی هەستیاردا هەر وەکوو عامیلی مەترسی بۆ سەر ڕێژیمەکەی چاویان لێ دەکات.

جێگای ئاماژەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند جار داوای لە جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم کردوە کە چەکی ڕێژیم دابنێن و چیدی خزمەت بە ڕێژیمێک نەکەن کە ڕوو لە نەمانە و خەباتی پێشمەرگە دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیە، نەک دژ بەوان و داوای لێ کردوون بگەڕێنەوە باوەشی گەلەکەیان، لە غەیری ئەوەدا خۆیان تاوانباری ئاکامەکەین.