کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی \"طرح نو\" سووکەیەتی بە نەتەوەی تورک لە ئێراندا کرد

23:26 - 3 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: سووکایەتی و بێ‌حورمەتی‌کردن بە نەتەوەکانی ئێران لە میدیا و چاپەمەنییەکانی قەتیس کراوی ژێر دەستی بەرپرسانی چەقبەستووی ڕێژیمی ئێراندا درێژەی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرنووسەری ڕۆژنامەی طرح نو لە بابەتێکدا کە لە شاهنامەی فێردووسی هەڵگیراوەتەوە، بێ‌ڕیزی و سووکایەتییان بە نەتەوەی تورک لە ئێراندا کردووە و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرینی ئازەرییەکانی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژنامەی طرح نو ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سەردێڕێکدا بە ناوی هفت خان رستم سووکایەتی بە نەتەوەی تورک کردووە کە ئەو بابەتە لە لایەن کەسێک بە ناوی ئەمیر عەلیزادەوە نووسراوە.

لەو بابەتەدا، پاڵەوانی ئێران گیو، سەرداری تورانییەکان، ئەفراسیاب به تورکی بەدخت و بەدناو هەرا دەکات و دواتر لە زمانی ڕۆستەم پاڵەوانێکی دیکەی ئێران دەڵێت: ئێمە تورانییەکان بە پیاو نازانین کە هەموویان ژن و تۆش ئەی تورکی بەدرەگەز بۆ شەڕ لەگەڵ پیاو خەلق نەکراوی و بڕۆ وەک ژنان پەمۆ و تەشی بگرە دەستت.

ئەو بابەتە فاشیستیانەی ڕۆژنامەی طرح نو هەڵسوێست و ناڕەزایەتیی بەرینی نەتەوەی تورکی لە ئێراندا لێکەوتووەتەوە.

ماڵپەڕی آراز نیوز یەکێک لەو ماڵپەڕانەی سەر بە ئازەرییەکان لە ئێراندا ئەو سووکایەتییە بە لوتکەی ڕەگەزپەرستیی سیستماتیک لە ئێراندا وەسف کردووە.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران بەردەوام دژی نەتەوەکانی ئێران بە شێوەیەکی نەهادینەکراو کار دەکات و هیچ ئەخلاقێکی میدیایی بەرچاو ناگرێت.

پاییزی ساڵی ڕابردووش فارسەکان لە بەرنامەی فتلیەدا بێ‌ڕێزییان بە نەتەوەی تورک لە ئێراندا کردبوو و ئەوەش ناڕەزایەتیی و ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی تورکەکانی لێ‏کەوتەوە و چەندین هاووڵاتیی تورکیش لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار کران.

دوای ناڕەزایەتیی تورکەکان بەو بەرنامەیە، فارسەکان، ئەو هاووڵاتییە ئازەرییانەیان بە ڕەگەزپەرست و گۆپاڵ بەدەستی ڕۆژئاوا و پیادەنیزامی عەرەبستان و ئیسرائیل ناودێر کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، لە بەرنامەی کۆمێدی لەژێر ناوی دورهمی لە دەرهێنانی مێهران مودیری سینەماکاری گوێڕایەڵ و گۆپاڵ بەدەستی ڕێژیمی ئێران، کە لە ئێراندا بڵاو دەبێتەوە، سووکایەتی بە نەتەوەی کورد کراوە.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران کە زوڕناژەنی دەسەڵاتی ڕێژیمە و جیا له بیرۆکەی دواکەوتوانە و چەق‌بەستوو و بڵاوکردنەوەی بیری ئیدئۆلۆژیک، هیچ بەرنامەیەکی دیکە بڵاو ناکاتەوە و لە بەرنامە تەلفزیۆنییەکانیدا سووکایەتی و بێ‌ڕێزی بە نەتەوەکانی ئێران دەکات.