کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرۆریستێكی ئێرانی لە كۆزۆڤۆ دەستبەسەر كرا

22:25 - 5 گەلاوێژ 2716

كوردستان میدیا: پاش ئەوەی كە دەركەوت تاوانباری هێرشە تیرۆریستییەكەی شاری موونیخی ئاڵمان، هاوڵاتییەكی بە ڕەچەڵەك ئێرانی بووە، ئەمجارەش هاووڵاتییەكی ئێرانی لە وڵاتی كۆزێڤۆ بە تۆمەتی پشتیوانی لە تیرۆریزم دەستبەسەر كرا.

ماڵپەڕی حكوومەتیی جام جم ئانلاین لە سەر زاری بەرپرسانی وڵاتی كۆزێڤۆ ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژ، هاوڵاتییەكی ئێرانی لەو وڵاتەدا بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و پشتیوانیی ماڵی لە تیرۆریزم دەستبەسەر كراوە.

سەرچاوەكان دەڵێن ئەو تیرۆریستە ئێرانییە كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، لە گرووپێكی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ جێبەجێكردنی پیلانە تیرۆریستییەكانی خۆی كەڵكی وەرگرتووە.

دادستانیی وڵاتی كۆزێڤۆ وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو هەواڵە داوای لە دادگا كردووە ئەو تۆمەتبارە ئێرانییە لەو وڵاتە دەر بكرێت.

هێشتا بە تەواوی ڕوون نەبۆتەوە كە ئەو تۆمەتبارە چ پێوەندییەكی لە‌گەل‌َ سیستمی تیرۆریزمی دەوڵەتیی كۆماری ئیسلامی هەبووە، بەڵام لە ڕابردوودا تۆِرە سیخوڕی و تیرۆریستییەكانی كۆماری ئیسلامی بە كەڵك وەرگرتن لە ڕێوشوێنە دیپلۆماتیك و سیاسییەكان، دەیان كەس لە چالاكانی ئۆپۆزیسیۆن و ئازادیخوازانی كورد و ئێرانییان لە وڵاتانی ئورووپاییدا تیرۆر كردووە كە بڕیاری مێژوویی دادگای میكۆنۆس، دەرئەنجامی هەوڵەكان بۆ پێشگرتن بەو ڕەوتە بوو.

بەرپرسانی ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێران تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكیان بەرانبەر بە هەواڵی دەستبەسەركرانی ئەو هاوڵاتییە ئێرانییە و ئەگەری ڕاستبوونی تۆمەتەكانی دەرنەبڕیوە.