کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێدوین سامۆئێل: نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن نیگەرانین

23:05 - 14 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی وڵاتی بریتانیا ڕایانگەیاند کە پشتيوانىی ڕێژیمی ئێران له‌ میلیشا حووسييه‌كانی یەمەن دژى بڕيارى ئه‌نجوومه‌نى تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکانه.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دەوڵەتی بەریتانیا ڕايگه‌ياندووە کە، پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە چەكدارانی حوسیی لە وڵاتی یەمەن، پێشێلكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی تەناهی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ئێدوین سامۆئێل، وتەبێژی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا، ڕایگەیاند، بریتانیا نیگەرانە لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتی یەمەن.

ناوبرا هەروەها باسی لەوە کردووە: ئێران ھاوكاریی سەربازیی چەكدارانی حوسی دەكات و ڕاستەوخۆ چەكیان بۆ دەنێرێت، ئەمەش بووەتە ھۆكاری بەردەوامیی قەیران و ناسەقامگیری یەمەن و ئەوەش بەپێچەوانەی بڕیاری ٢٢١٦ی ئەنجوومەنی تەناهی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ئەو بەرپرسە پایەبەرزەی بریتانیا لە درێژەدا باسی لەوە کرد: دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەكە و پشتیوانییەكانی لە گرووپە توندڕەوەكان، پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و ئەو ھەوڵانەی ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئامریكاوە بە وردی چاودێری دەكرێت.

پێشتریش ڕۆژنامەی ئەلحەیات، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە کۆمیتەیەک لە کارناسانی سەربە شووڕای تەناهی نەتەوەیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بارودۆخی وڵاتی یەمەنیان لەژێر چاوەدێرییە، لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتەیان بۆ شووڕای تەناهی نەتەوە یەکگرتووەکان شی کردووەتەوە.

دوای لە سەر کار لابردنی عەلی عەبدووڵڵا ساڵح و بە دەسەڵات گەیشتنی عەبد ڕەبە مەنسوور هادی، سەرکۆماری نوێی یەمەن، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپە میلیشا شیعەکان بەردەوام لە هەوڵی داوە بە دەستێوەردانەکانی خۆی، دەوڵەتی نوێی ئەو وڵاتە لاواز بکات.