کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئاو لە نێوان ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتە عەڕەبەکاندا دەستی پێکردەوە

19:17 - 16 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران جیا لە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا، ئەمجارەیان دەستدرێژی بۆ سەر سنوورە دەریاییەکانی کوەیت و سعوودیه دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوو وڵاتی کوەیت و عەرەبستانی سعوودی لە سکاڵایەکدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو ڕێژیمە سنوورە دەریاییەکانی ئەو دوو وڵاتەی بەزاندووە.

لەو سکاڵایەدا هاتووە کە پاپۆڕە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورە ئاوییەکانی کوەیت و عەرەبستان هاتوچۆی نایاسایی و بەردەوام دەکەن و سەروەریی و ئاسایش و ئاشتی ئەو دوو ولاتەیان پێشێل کردووە.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵێش جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێران سنوورە دەریاییەکانی ئەو دوو وڵاتەی پێشێل کرد.

هەروەها لە مانگی بانەمەڕیشدا، جارێکە دیکە پاپۆڕە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە چاڵی گازیی ژمارە ٣ی الدورە نزیک ببوونەوە.

مەیدانی گازیی الدورە کە بەشی ئێران بە آرش دەناسرێت لە باشووری ڕۆژئاوای گەنداوی خارک هەڵکەوتووە و لە باشووریش مەیدانی نەوتیی ئەردەشیر کە لە نێوان سنووری ئاویی ئێران و کوەیت و عەرەبستان هەڵکەوتووە.

دەفرایەتی گازیی ئەو شوێنە ١٣ تریلیۆن فووت مەزەندە کراوە کە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی‌دا دۆزراوەتەوە.

بەزاندنی سنوورە ئاوییەکانی وڵاتی عەرەبی لە کاتێک دایه کە ئەو وڵاتانە بەردەوام دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان لەو وڵاتانەدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.