کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەروەی سوئێد جموجۆڵی ‌هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی خستە بەر باس

23:18 - 30 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سەردانی بۆ وەزارەتی دەروەی سوئێد، لەگەڵ کارڵ ئێم ـ ئێن جموجۆڵی ‌هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی خستە بەر باس.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوئێدی کرد و لەگەڵ کارڵ م. ن(Karl M. N.) بەرپرسی بەشی وڵاتانی ئێران و کوردستان دیداری پێک هێنا و لەو چاوپێکەوتنەدا کۆمەڵێک خاڵیان لە سەر کوردستانی ڕۆژهەڵات، ناوچەکە و ئێران بە گشتی هێنایە بەر باس.

سەرەتا نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی جموجوڵی پێشمەرگەکانی حیزب و نێشتەجێ‌بوونیان لە سەر سنوورەکانی کوردستان، و هێرشی سپای پاسداران و ئەرتش و بەسیج و ئیتڵاعات بۆ سەر سنوورەکانی هەر دوو کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات، و شەهیدبوونی کۆمەڵێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بەدەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانی هێنایە بەرباس.

لەو پێوەندیەدا هەڕەشەی بەرپرسانی پلەبەرزی ئێران لە ژن و منداڵی پێشمەرگەکان، کە لە کەمپەکانی باشووری کوردستان نیشتەجێن و هێرش کردن بۆسەر باشووری کوردستان، لەو خاڵە گرینگانەیە کە ئێران لە بەرنامەیە و لێی بەردەوامە.

تەیمووری هەرەها باسی ئەوەی کرد، که ئێران بە تەواوی هێزەوە خزاوەتە نێو عێراق و لەراستیدا ئێرانە کە حوکمی عێراق دەکا و لە هەموو ناوچەکانی عێراق، هێزەکانی بڵاوە پێکردووە و تەنانەت خزاونەتە نێو باشووری کوردستان، و دەیانەوێ لەم ناوچە ئازادەی کوردستان، ئاژاوە بنێنەوە و دەست بکەن بە ڕەشە کوژیی ئەندامان و پێشمەرگەکانی ڕێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لەسەرەوەی هەموویانەوە حیزبی دێموکرات.

پاشان ناردنی هێز بۆ سووریە و یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان، و هەڕەشەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی خەلیج و سعوودیە، ڕۆژ دوای ڕۆژ پەرە دەسێنێ و ئەمەش پێکهێنانی کونفلیکتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناسەقامگیریی وڵاتان بە قازانجی خۆیان دەزانن. هەرچەند ئێران وا پیشان دەدا کە دژی داعش لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئامریکا هاوکاری دەکا، بەڵام بە دیوێکی تردا لە ڕاستیدا ئێران هاوکاری مادیی داعش دەدا و ئێران یەکیك لەو وڵاتانە بوو کە داعشیان بەرە و کوردستان هاندا، و ئەم شەڕە خوێناوییەی یەخەی کوردی گرتووە، ڕێژیمی ئێران کەڵکی لێ وەردەگرێ. تەنانەت ئێران بە جۆرێک دەستی خستووەتە نێو ڕۆژئاوا و تورکیەش، کە هەمووی بە قازانجی خۆی لێک دەداتەوە.

سەرەڕای ئەمانەش ئاماری ئێعدام و لەسێدارەدانی لاوانی کورد لە هەڵکشاندایە لەو بەشە، و لە ماوەی ئەم دوو هەفتەی ڕابردوودا، نزیکەی ٤٠ کوردیان ئێعدام کردووە و بەردەوامیشن. کوردستان بەتەواوەتی میلیتارێزە کراوە و نزیکەی هەزاران ئەندامی نیزامیی ئەرتش و سپا لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران جێگیر کراون.

تەیمووری هەروەها باسی ئەوەی کرد کە بە جموجوڵی هێزی پێشمەرگە، ڕێژیم دەستی داوەتە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و کۆڵبەرەکان و ئێعدام و لەسێدارەدانی لاوانی کورد لەو دورگەی ئاسایشەدا. مەسەڵەی مافی مرۆڤ پرسێکە کە حکوومەتی ئێران هیچ بایەخێکی پێ نادا و هەردەم لە بیری ئەواندا پێکهێنانی چەکی ئەتۆمی و کڕینی چەک و چۆڵی سەردەمییانە بۆ گیانی خەڵکانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد.

هەروەها کارڵ ئێم ئێن باسی ئەوەی کرد کە؛ ئەوان پرۆژەیان هەیە کە لە داهاتوودا، لەگەڵ ئێران باسی بکەن، بەتایبەتی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و کێشەی چەکی ئەتۆمی. ناوبراو باسی ئەوەی کرد کە کێشەی کورد دەناسن لە ئێران و ئەمەش پرسێکە کە هیوادارن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.