کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پەیەدە کۆبووەوە

19:01 - 2 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ نوێنەرایەتیی پەیەدە (PYD) لە شاری سلێمانی کۆبووەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی۱ی خەرمانانی ۱۳۹٥ی هەتاوی، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرەستیی تاهیر مەحموودی، نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی، سەردانی نوێنەرایەتیی پەیەدەی لەو شارە کرد و لە لایەن غەریب حەسۆ، نوێنەری پەیەدە و هەیئەتێکی هاوڕێی، پێشوازییان لێ کرا.

لەو دیدارەدا، سەرەتا نوێنەری حیزبی دێموکرات، باسێکی لەسەر ڕەوشی تازەی سووریە و بەتایبەتی حەسەکە کرد و لەسەر ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، و دەوری تێکدەرانەی لە ناوچەدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران خێری میللەتی کوردی ناوێت، و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ لاواز کردنی کورد.

مەحموودی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وێڕای ئاماژە بە بەرەو پێشچوونی کوردستانی ڕۆژئاوا، ڕاسپاردەی حیزبی دێموکراتی پێ گەیاندن سەبارەت بە کۆدەنگیی زیاتر و زاڵبوون بەسەر نەیارانی کورددا، و وەلانانی ناکۆکییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان، و لەو پێوەندییەدا، گفتوگۆ و دیالۆگی بە باشترین بژاردە دانا.

تاهیر مەحموودی، وێڕای ئاماژە بە چەندین سەرفەسلی خەباتی سیاسی حیزبی دێموکرات، ئاماژەی بەوە کرد کە؛ ڕێژیمی ئێران بەپێی یاسای بنەڕەتیی وڵات، مافی کوردەکان و تێکڕای نەتەوەکانی ئیران پێشیل دەکات، و هیچ فرسەتێکی بۆ ژیان لەو وڵاتەدا بۆ نەتەوەکانی ئێران نەهێشتۆتەوە و هەر بۆیەش حیزبی دێموکرات، وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی ئەرکی خۆی بەڕێوە دەبات، و پێی وایە هەر کام لەبەشەکانی کوردستان ئەگەر یارمەتیدەر نابن، نابێ کۆسپ بۆ بەشێکی‌تر دروست بکەن.

پاشان غەریب حەسۆ، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە سەردانی هەیئەتی حیزبی دێموکرات، باسی لەوە کرد کە؛ خەڵکی ڕۆژئاوا بە باشی لەگەڵ خەباتی حیزبی دێموکرات ئاشنایە و کۆدەنگیی و یەکدەنگیی کوردی بە پێویست و زەرووری لە قەڵەم دا.

سەبارەت بە دەوری ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، و هاوکاریی نێوان ڕێژیمی ئێران و سووریە، نوێنەری پەیەدە گوتی؛ ئێران لە سەرەتاوە ڕۆڵێکی زۆر خراپی هەبووە و هەیەتی لە سووریەدا، و ئەوە کە داعش کاری بە کۆماری ئیسلامی نیە و بە چەک و جبەخانەی سووریەش لە کوردەکانی داوە، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئێران و سووریە، چەندە بۆ دژایەتی کورد یەکن.

هەروەها لەوسەردانەدا، هەلومەرجی ئێستای کورد شڕۆڤە و لێکدانەوەی لەسەر کرا و نوێنەری پەیەدە پێزانینی خۆیانی لەپێوەندی لەگەڵ دەستخۆشیی حیزبی دێموکرات لە قسەکانی ئەم دوایانەی ساڵح موسلیم ڕاگەیاند.

هەیئەتێکی
هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پەیەدە کۆبووەوە

هەیئەتێکی
هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پەیەدە کۆبووەوە