کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانیش دانی بە دەستەوەستانیی خۆی لە هەمبەر قەدەغەكردنی كۆنسێرتەكاندا نا

19:19 - 2 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ دەستەوەستانیی وەزارەتی ئیرشاد لە هەمبەر قەدەغەبوونی كۆنسێرت لە مەشهەد ڕایگەیاند: بە باوەڕی من هیچ وەزیرێك نابێت لە بەرانبەر هیچ گوشارێكدا پاشەكشە بكات.

بە گوێرەی هەواڵی هەواڵدەرییە حكوومەتییەكانی ئێران، حەسەن ڕۆحانی كە لە ڕیوڕەسمێكدا بە بۆنەی ڕۆژی پزیشك قسەی دەكرد، ڕوونی نەكردەوە كە ئەگەر وەزیرێك لە بەرانبەر گوشاری ئیمام جومعەیەكدا پاشەكشەی كرد، هەڵوێستی ئەو وەكوو سەركۆمار چی دەبێت یان لەو پێوەندییەدا چیی لە دەست دێت.

عەلی جەننەتی، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیم، ڕۆژی سێ شەممە 26ی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو بە هۆی ناڕازیبوونی ئیمام جومعەی مەشهەد بەرانبەر بە بەڕێوەچوونی كۆنسێرت، لەمەوبەدوا هیچ كۆنسێرتێك لەو شارەدا بەڕێوە ناچێت.

ئەحمەد عەلەمولهودا لە ڕۆژانی ڕابردوودا وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی لە هەمبەر بەڕێوەچوونی كۆنسێرت لە شاری مەشهەد ڕایگەیاندبوو: سەرانسەری ئەم شارە، بارەگای ئیمام ڕەزایە، لە تەنیشت گۆمەزەی ئیمام ڕەزادا ناكرێ كۆنسێرت بەِڕێوە بچێت، ئەوە بە دژی ئابڕوو و شوناسی ئەم شارەیە، تۆ ئەگەر كۆنسێرتت دەوێ، مەشهەدی مەبە، بڕۆ لە شارێكی دیكە بژی، ئەگەر كەسێك دەیهەوێ لە شارێكدا بژی، لە كاروباری فەرهەنگیدا ئازاد بێت، لە ڕابواردن و خۆشیدا ئازاد بێت، بۆ چی شارێكی زیارەتی بۆ ژیان هەڵدەبژێرێت؟.

دوابەدوای ئەو لێدوانانە، ئیمام جومعەكانی ڕێژیم لە شارەكانی شیراز، تۆنێكابۆن، ڕامسەر، سیرجان، خەواف و عەنبەرئابادیش داوای قەدەغەكردن یان بەرتەسككردنی كۆنسێرتیان لە شارەكانیاندا كرد.

ئازادیی چالاكییە فەرهەنگی و هونەرییەكان یەكێك لە بەڵێنییەكانی حەسەن ڕۆحانی بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خەڵك لە دوایین هەڵبژاردنی سەركۆماریی ئێراندا بوو كە بەو هۆیەوە بەشێك لە چالاكانی بواری فەرهەنگ و هونەر پشتێوانییان لێ كرد و داوایان لە خەڵك كرد بۆ هەڵبژاردنی ڕۆحانی بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

پێشتر، سەید موحەممەد خاتەمی، سەركۆماری قۆناغی ناسراو بە ئیسڵاحاتی ڕێژیمیش، پۆستی سەركۆماریی وەكوو پۆستێكی لاوەكی و بێدەسەڵات یان تەداروكاتچی لە قەڵەم دابوو.