کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی هاروارد: تاران و ڕێژیمی ئەسەد داعشیان دامەزراندووە

16:41 - 5 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: زانکۆی بەناوبانگی هارواردی ئامریکا و ڕۆژنامەی واشەنگتۆن پۆست بەشێوەی هاوبەش ڕاپۆرتێکیان لەسەر پێوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریە لەگەڵ داعش و ئەلقاعیدە بڵاو کردەوە.

ئامادەکارانی ئەم ڕاپۆرتە کە بەناوی ئاڵمان و سعودیە: یەکیەتیی بۆ خەبات لەدژی تێرۆریزم بڵاو کردووەتەوە، ڕاپۆرتی بەشێک لە دەزگا سیخوڕییە نێونەتەوەییەکان و ناوەندە لێکۆڵینەوەییەکانیان لەپێوەندی لەگەڵ ڕەوتی تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ماوەی ٥ ساڵدا کۆ کردووەتەوە و وەک دەرەنجام نووسیویانە: بە خستنەپاڵ یەکتری زانیارییەکان و لەبەرچاوگرتنی ڕێکەوتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکان بەئاشکرا دەردەکەوێت کە ڕێژیمی تاران و ڕێژیمی ئەسەد پاڵپشتی تەواوی ئەلقاعیدەیان لە عێراقدا کردووە و دواتریش لە ناخی ئەلقاعیدەوە داعشیان دامەزراندووە.

لەم ڕاپۆرتەدا کۆمەڵێک بەڵگە و دێکیۆمێنت لەمەڕ پشتیوانییە ماددییەکانی هەر دوو ڕێژیمی تاران و دیمەشق خراوەتەڕوو کە نیشان دەدەن پاش شۆڕشی گەلانی سوریە ، دیمەشق و تاران ئەم هەلەیان قۆستەوە و بەداڕشتنی کۆمەڵێک بەرنامە و ستراتێژی توانیان دەوڵەتێکی تێرۆریستی گەورە بەناوی خەلافەتی ئیسلامی عێراق و شام ساز بکەن و بەمشێوەیە بەناوی موسوڵمانانی سووننی مەزهەبەوە ئۆپەڕاسیۆنی تێرۆریستی ئەنجام بدەن و شۆڕشی سوریە بەلاڕێدا بەرن.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە پاش دامەزراندنی داعش ئێران بەپەلە لە پێگەیەکدا خۆی پیشان دا کە بەجیهان بڵێ ئەوە من سەرقاڵی شەڕ لەدژی گروپێکی تێرۆریستی سوننیم؛ بەڵام ڕاستییەکان شتێکی تریان نیشان دەدا. لە ٢ ساڵی ڕابردوودا هیچ کام لە هێزەکانی سپای پاسداران، حیزبوڵای لوبنان و چەکدارەکانی ئەسەد هێرشیان نەکردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی داعش بەڵکوو هەموو پەلامارەکانیان بۆ سەر هێزە میانەڕۆکانی دژبەری ئەسەد بووە.

ئەم ڕاپۆرتە کەڵکی لە زانیارییەکانی ٢ گۆڤاری بەناوبانگی دێ تاوێڕ و شپیگێل و ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی ئامریکا، دەزگای سیخوڕی سوریە، دەزگای سیخوڕی ئاڵمان بۆ خەبات لەدژی تێرۆریزم وەرگرتووە.

لەبەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئەم پرسیارە هاتۆتە ئاراوە کە بۆچی عەرەبستانی سعودی هەمیشە دەکەوێتە بەرپەلاماری داعش و ئەلقاعیدە بەڵام ئێران و ڕێژیمی ئەسەد هیج کات نەبوونەتە ئامانجی ئەم گرووپە؟

پێشتریش لە مانگی مەی ٢٠١٥ مایکێڵ بریگنێت یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی دەزگای زانیاری ئامریکا گووتبووی: ئێران و میلیشیاکانی لە عێراقدا هیچ هەوڵیکیان بۆ لەنێوبردنی داعش نەداوە و ئەمەش دەری دەخات کە ئێران پێویستی بە بوونی گروپگەلی تێرۆریستی سووننی مەزهەبی هاوشێوەی داعش هەیە تاکوو بەم شێوەیە پاساو بۆ بوون و مانەوەی خۆی لە سوریە و عێراقدا بهێنێتەوە و دزەی خۆی لەم ٢ وڵاتەدا پەرە پێبدات.