کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرانی کۆماری ئیسلامی بە شانازییەوە باسی ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ دەکەن

18:53 - 8 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: کاردانەوەی بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگیی ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری لەپێوەندی لەگەڵ ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی، بڕیاردەران و جێبەجێکارانی ئەو کۆمەڵکوژییەی پاش ٢٨ ساڵ بێدەنگی، هێنایە دەنگ.

عەلی مۆتەهەری، جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دادگوستەریی دەوڵەتی ڕووحانی، داوای کردبوو کە؛ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بدات، کە لە بەرانبەردا مستەفا پوورمحەممەدی بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە وتوویەتی: شانازی بە ڕۆڵی خۆم لەو ڕووداوانەدا دەکەم.

پوورمحەممەدی کە خۆی یەکێک لە بڕیاردەرانی جینایەتی ساڵی ٦٧ بووە، پێشتر سەبارەت بەم ئێعدامانە تەنیا گوتبووی: زیندووکردنەوەی ئەو بابەتە، تەنیا هەوڵێکە بۆ پاقژکردنەوەی دوژمنانی ئێران.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، و ئەندامی مەجلیسی خیبرەگان، هاوشێوەی دەبیرخانەی مەجلیسی خیبرەگان، ڕەخنەی لە بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی مۆنتەزێری گرتووە و داکۆکی تەواوی لە ئێعدامەکان کردووە.

ناوبراو ڕۆژی ٦ی خەرمانان لە دانیشتنی کۆڕی ئاماژەبۆکراودا وتوویەتی: ئەمە بە مەبەستێکی گڵاو لەلایەن دوژمنانەوە ئەنجام دراوە، هەربۆیەشە کە بەردەوام لە هەواڵدەرییەکانی دەرەوە باسی لێوە دەکەن، و تەنانەت لە پاریس پێشانگای بۆ دادەنێن.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ ئاگوست، پێشانگایەکی دێکومێنتاری لە ژێر ناوی جنایت لەلایەن شارەداریی دووهەمی پاریس، سەبارەت بە ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی ساڵی ٦٧ی هەتاوی بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەڵگە و وێنەی قوربانیانی ئەو کارەساتە و بەڵگەیەک وەک فتوادانی خومینی لەو پێشانگایە پێشان درا.