کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ٧٠هەمین ساڵیادی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان‌دا بەشداری کرد

18:37 - 9 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی قادر مێهفەر، لە ٧٠هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد، بە سەرپەرەستیی قادر مێهفەر، لە مەراسمی یادی ٧٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان‌، له شاری ستۆکهۆڵم، بەشداریی کرد.

لەو مەراسمەدا، هەر یەک لە باڵوێزی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوئێد، نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان و ژمارەیەک لە ئەندامان و دۆستانی پارتی دێموکراتی کوردستان بەشدار بوون.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات، وێڕای پێشکەش کردنی چەپکە گوڵی پیرۆزبایی، برووسکەیەکی پیرۆزباییان گەیاندە دەستی بەرپرسانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد، و لەو برووسکەیەدا پێداگری لە سەر درێژەدان بە پەیوەندیی دۆستانەی دوو لایەنە، و هاوپشتی و هاوکاریی زیاتر، لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کرابوو.

هەروەها لەو مەراسمەدا، چەندین پەیام و برووسکە لە لایەن نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانەوە خوێندرانەوە.

مەراسمەکە بە چەند سروودی نەتەوەیی و گۆرانی کۆتایی پێهات.