کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکەکانی ئێرانیش متمانەیان بە سپای تێرۆریستی پاسداران نەماوە

17:25 - 14 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران لە لایەن دوو بانکی سپه و ملتـەوە گەمارۆی خرایە سەر.

بەرپرس و بەڕێوەبەریی ڕۆژنامەی جوان،که یەکێک لە ڕۆژنامەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی ڕێژیمی ئێرانه، بڵاوی کردووەتەوە دوو بانکی سپه و ملت لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایانگەیاندووە کە لەمە بەولاوە ناچارن خزمەتگوزاریی ئەرزیی لەگەڵ ئەو قەرارگایەیە ڕابگرن.

ئەو بەرپرسەی ڕۆژنامەی جەوان هەروەها باسی لەوە کردووە کە بە گەمارۆخستنەسەر قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە لایەن بانکی ملت و سپه دەرئەنجامەکانی ڕێککەوتنامەی بەرجام زیاتر ئاشکرا دەبێت.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرته ئەگەری ئەوە هەیە چەند بانکی دیکەش لە داهاتوودا گەمارۆی ئابووری بخنە سەر ئەو قەرارگایە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەش کردووە کە تا ئێستا دوو بانکی ئێرانی گەمارۆیان خستووەتە سەر سپای پاسداران و ئامانج لەو کارەش گەمارۆ خستنە سەر قەرارگای خاتمۆلئەنبیای سپای تێرۆریستی پاسدارانە کە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە لایەن خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمەوە دامەزرا.

ڕێکەوتی ٢٤ی ژوئەنی ٢٠١٦ زایینی، گرووپی تایبەتیی ئیقدامی ماڵی (FATF) لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە سنووردارکردنی سیستمی پارە و ماڵیی ئەو ناوەندە لە سەر سیستمی بانکیی ئێرانی بۆ ماوەی ١٢ مانگ هەڵپەساردووە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە تا پێش ئەو ماویە دۆخێکی سەخت لە سەر سیستمی بانکیی ئێران زاڵ بووە.

گرووپی تایبەتیی ئیقدامی ماڵی دژی سپی کردنەوەی پارە، ناوەندێکە کە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی لە لایەن ٧ ئابووری یەکەمی جیهان دامەزراوە و ئامانج لە کارەکەشی بەرەنگاربوونەی دژی سپی کردنەوەی پارە و دابینکردنی تێچووی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە جیهان دایه.

بەپێی پلەبەندی ئەو گرووپە ڕێژیمی ئێران لە بەشی لیستی ڕەش‌دا جێگای گرتووە و وەکوو وڵاتێکی جێگای نیگەرانی و ناهاوکار چاوی لێ دەکرێت.

ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینیەوە دوای پەسندکردنی گەمارۆئابوورییەکان پەیوەست بە لیستی ڕەش بوو.

دۆخی ئابووریی ئێران سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش بەردەوام ڕۆژانە باس لەوە دەکەن کە ئیتر بە جێگای دروشم‌دان دەبێت چارەسەریی دۆخیی ئابووریی وڵات بکەین.