کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشماوەی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک لە عراق ڕاگوێزران

17:32 - 20 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: پڕۆسەی بردنەدەرەوەی ئەندامانی یەکێک لە گەورەترین ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە خاکی عراق کۆتایی پێهات.

ڕاگەینە نێونەتەوەییەکان ڕۆژی ڕابردوو نۆزدەی خەرمانان، ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە کە تێدا هاتبوو؛ هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران لە عێراق ڕاگوێزران.

کۆتا کاروانی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە سیاسی‌ـ‌نیزامییە کە پێکهاتبوو لە ٢٨٠ کەس ، کەمپی لیبێرتی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدایان بەرەو وڵاتی ئاڵبانی بەجێهشت.

هاوکات دەگەڵ هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ماڵپەڕی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێرانیش بە سەرکەوتنی گەورە لەقەڵەمدانی ئەم ڕاگوێزانە، بە فەرمی کۆتایی هاتنی بوونی ٣٠ ساڵەی ئەو ڕێکخراوەی لە خاکی عراق پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕەوتی ئیسلامی‌ـ چەپی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران یەکێک لە گەورەترین دژبەرانی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێراندا هەژمار دەکرێت کە لە جۆزەردانی ١٣٦٠ هەتاویدا ئامانجی خۆی بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندووە.