کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵلای لوبنان، درێژەدانی شەڕ بە تاقە چارەسەری قەیرانی سووریە دەزانێت

17:02 - 7 رەزبەر 2716

كوردستان میدیا: حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆكی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێ هیچ ڕیگەچارەیەكی سیاسی بۆ قەیرانی سووریە نیە و ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەی بەكرێگیراوی ڕێژیمی ئێران درێژە بە شەڕ لەو وڵاتەدا دەدات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لوبنانیی الاخبار (ژمارەی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٧ی سیپتامبر)، نەسروڵڵا ڕایگەیاندووە: هیچ دوورەدیمەنێك بۆ چارەسەری سیاسی نابینرێت... سەركەوتن لە گۆڕەپانی شەڕدا قسەی كۆتایی دەكات.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: بەتایبەتی پاش ئاڵۆزیی نێوان ڕووسیە و ئەمریكا و سەرهەڵدانی قەیرانی بێ‌متمانەیی لە نێوانیاندا، بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بووە.

حیزبوڵڵای لوبنان لە شەڕی سووریەدا بەرانبەر بە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن، پاڵپشتی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەكات و بەكرێگیراوانی ئەو ڕێكخراوە هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە سووریەدان.

پاش ئەوەی كە لە حەوتووی ڕابردوودا ئاگربەسی ڕاگەیەندراوی ئەمریكا و ڕووسیە لە سووریە بەهۆی بۆردمانی كاروانێكی هەڵگری یارمەتییە مرۆییەكانەوە لە نزیك شاری حەلەب كۆتایی پێ هات، هێزەكانی ڕێژیمی سووریە و پشتیوانەكانیان، هێرشێكی چڕ و بەربڵاویان بۆ داگیركردنی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن لە حەلەب دەست پێكردووە.

بەهۆی هێرشی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ڕووسیە و سووریە لەو ماوەیەدا سەدان هاوڵاتیی مەدەنی كوژراون.

لە لایەكی دیكەوە ئەمریكا و ڕووسیە یەكتریان بە پابەندنەبوون بە بەلێنییەكانی خۆیان لە قەیرانی سووریەدا و پێشێلكردنی ئاگربەس تۆمەتبار كردووە.