کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی ئەندامێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارك

17:23 - 17 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: ئەندامێكی حیزبی دێموكرات بە ھۆی نەخۆشی لە وڵاتی دانمارك كۆچی دوایی كرد.

سەر لە بەیانیی ڕۆژی ھەینی ڕێكەوتی ٧ی ئۆكتۆبر، زاگرۆس فەللاحی كوڕی مام عەزیز فەللاحی خەڵکی ناوچەی بانە، ئەندام و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا بە ھۆی نەخۆشیی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.

زاگرۆس فەللاحی لاوێكی نێشتیمانپەروەر و كورددۆست و ئەندامێکی بەوەفا و چالاکی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو.

زاگرۆس لە گەڵ ئەوەی كە بە ھۆی سیاسی بوونی بنەماڵەكەی ئاوارەیی و دەربەدەریی بینیبوو، بەڵام لە ماوەی ژیانی لە وڵاتی دانماركدا توانی پلەكانی سەركەوتن یەك لە دوای یەك تێپەڕ بكا و وەك ئەندازیارێك(مهندس) كۆتایی بە خوێندنی خۆی ھێنابوو.

ناوبراو لە زۆربەی كۆبوونەوەكانی حیزبی و نەتەوەییەکەندا بەشداری دەکرد و ھەروەھا ئەندامی یەكیەتی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش بوو.

زاگرۆس لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە ماوەیەک لە ژێر چاوەدێریی پزیشکەکاندا بوو. بەداخەوە سەرەئەنجام سەر لە بەیانیی ڕۆژی ھەینی كۆچی دوایی كرد و تەرمەکەی لە لایەن دۆست و ھاوڕێیانی و بە بەشداریی ئەندامانی كۆمیتەی دانمارك بە خاك سپێردرا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی بۆ لەدەستدانی ئەو ئەندامە لێهاتووەی حیزب، سەرەخۆشیی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی فەللاحی دەكا و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێ.