کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووهەمین ڕۆژی کاری پڕۆگرێسیڤ ئالیانس لە پارڵمانی ئورووپا بەڕێوە چوو

17:13 - 28 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرۆکی پارڵمانی ئورووپا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا و چەندین ڕێبەر و بەرپرسی پایەبەرزی ڕێکخراوی پڕۆگرێسیڤ ئالیانس، دووهەمین ڕۆژی کاری پڕۆگرێسیڤ ئالیانس لە پارڵمانی ئورووپا بەڕێوە چوو.

سەرلە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، دووهەمین ڕۆژی کاری پڕۆگرێسیڤ ئالیانس لە پارڵمانی ئورووپا دەستی پێکرد. لە ڕۆژی دووهەمی کاری کۆنفڕانسی ئەم ڕێکخراوەدا، سەرۆکی پارڵمانی ئورووپا مارتین شۆڵتز، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا فێدریکا موگێرینی و دەیان ڕێبەر و بەرپرسی بەرزی ڕێکخراوی پڕۆگرێسیڤ ئالیانس بەشدارییان کرد.

کۆبوونەوەکە لە لایەن جیانی پیتێلا سەرۆکی گرووپی سوسیالیست و دێموکراتەکانی پارڵمانی ئورووپا کرایەوە. دواتر سەرۆکی پارڵمانی ئورووپا مارتین شۆڵتز، وتارێکی پێشکەش کرد لە سەر هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی دونیا بۆ پێکهێنانی جیهانێکی دادپەروەرانە و ئاشتی جیهانیی.

لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنفڕانسەکەدا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا فێدریکا موگێرینی قسەی کرد و لە سەر دۆزی پەنابەری و دەرفەت و بەربەستەکان لە بەردەم ئاشتی و سەقامگیریدا وتارێکی پێشکەش کرد.

لە درێژەی کاری دووهەمین ڕۆژی کاری کۆنفڕانسی ڕێکخراوی پڕۆگرێسیڤ ئالیانسدا، دوو پانێلی جیاواز لە سەر مژاری جیا جیا بەڕێوە چوون و تێدا چەند کەسایەتی بەرزی سیاسی لە ئورووپا، ئامریکا، ئافریقایی و ئاسیا قسەیان کرد.