کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باندی ڕۆحانی داواکاری داخستنی پەروەندەی جینایەتەکانی ساڵی ٨٨ ـە

20:28 - 28 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: پاش ٧ ساڵ لە جینایەتەکانی عاشورای ساڵی ٨٨ کە تێیدا دەیان کەس لە لاوانی بێ‌تاوان بوونە قوربانی، وتەبێژی فڕاکسیۆنی ئۆمید ڕایگەیاند؛ دەبێ ئەو پەروەندەیە بە یەکجاری دابخرێت.

ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر، مۆحەممەدڕەزا عارف وتەبێژی فڕاکسیۆنی ئۆمید سەر بە باندی حەسەن رۆحانی بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕاگەیاند: پێویستە هەموو پەروەندەکانی ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ دابخرێن، ئەمەش لەبەر قازانجی گشتی وڵات.

ناوبراو بۆ ئەوەیکە ئاستی جینایەتەکانی ڕێژیم کەم بکاتەوە، کوشتن و ئێعدام و ئەشکەنجەکان بە ڕووداو ناو دەبات و ڕێگەچارەسەرییەکەش بە داخستنی پەروەندەکان دەزانێ.

ئەم لێدوانەی ناوبراو دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو پیکهاتە و باندەکانییەوە دەستیان هەیە لە جینایەتەکاندا، جا چ ئیسڵاحخواز بێت یان بناژۆخواز.

ماوەیەک پێش ئێستاش لە کاتی بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری سەبارەت بە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ و جینایەتەکانی دەیەی ٦٠ کە ئۆباڵی ئەم تاوانەی خستبووە ئەستۆی ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکان و شەخسی خومەینی، هەندێک لە لێپرسراوانی ڕێژیم هاتنە سەر هێل و لە بەرامبەریدا هەڵوێستیان گرت و تەنانەت بەشێکیان دەیانگووت پێویست ناکات ئاوڕیان لێ بدەینەوە!

لە ڕەوتی ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨ کە بە ئێعتراز لەمەڕ دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری هاتە ئاراوە، هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان و بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد و لە هەندێک حاڵەتدا بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆ بوونە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان خۆپیشاندەر؛ هەروەها کۆمەڵێکی بەرچاویان دەستبەسەرکران و جینایەتە بەدناوەکانی گەوهەردەشت و کەهریزەک خوڵقا.