کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دوای ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە، لاوان بەپۆل لەنێوخۆی وڵاتەوە پەیوەست بە ڕێزەکانی پێشمەرگە دەبن

22:43 - 4 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: بەشی دووهەمی کۆنفڕانسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشە و دەرفەتەکان، بە بەشداریی حیزبەکانی کوردی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران دەستی پێکرد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشە و دەرفەتەکان ڕایگەیاند کە؛ لە پانێلی دووهەمدا حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات باس و تێبینییەکانی خۆیان لەو پێوەندییانەدا خستە بەر باس.

لەو بەشەدا سەرەتا باس لە خەباتی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرا، کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێرانەوە دژی ئەو ڕێژیمە وەستاونەونەتەوە.

دواتر باس لە خەبات و شێوازەکانی خەبات دژی ڕێژیمی ئێران کرا، و ئەو پرسیارە هاتە ئاراوە کە ئایا ڕێژیمی ئێران بەڕاستی خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی کوردە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یان نا؟ ئایا ئەو ڕێژیمە لەبنەڕەتدا دەفرایەتی ئەوەی هەیە کە بتوانێت لە ڕێگای ئاشتی و دانووستانەوە کێشەی کورد لە بەشی کوردستانی ڕۆژهەڵات چارەسەر بکات؟.

لە پانێلی دووهەمی ئەو کۆنفڕانسەدا، ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری گشتیی رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵە قسەی کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە دۆخی کوردستانی ڕۆژ‌هەڵات و باشووری کوردستان کرد و گوتی کە؛ ئێمە لە ڕوانگەی خۆمانەوە لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان دەکەین و هیچ بوارێکی دیکە ناخەینه ژێر نەزەرەوە.

عەلیزادە هەروەها باسی ئەوەی کرد کە؛ ئێمە چەند مانگ پێش دڵمان بە هەڵوەشانەوەی پەیمانی سایکس ـ پیکۆ خۆش کردبوو، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە دەبێ بۆ خۆمان خۆ تەیار کەین بۆ ڕووداوەکان.

پاشان خالید عەزیزی لە کاتی پێشکەش کردنی قسەکانیدا لە هەمان پانێلدا باسی لەوە کرد کە؛ کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ڕادەی بەشەکانی دیکە بەرچاو نیه، هزری شیعه بووەتە لەمپەر بۆ هەر ئیسلاحاتێک و پاشان ناسیۆنالیزمی ئێرانی کێشەیەکی دیکەیە لە بەردەم خەبات و ئیسلاحات لە نێوخۆدا.

عزیزی باسی لەوه کرد کە؛ حکوومەتداری لە ئێران مێژوویەکی درێژی هەیە و ئێمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵمان داوە خەباتی مەدەنی پەرە پێ بدەین، چوونکه دەرفەتی خەباتی دیکە نیە و هەر خەباتی مەدەنیش درێژە دەدەین.

ناوبراو گوتی کە حکوومەتی ئێران زۆر نیگرانە لەو خەباتە مەدەنییەی کە ئێستا زانکۆ و هەموو بوارەکانی کۆمەڵگای گرتووەتەوە و زۆر کاریگەرتره لە خەباتی نیزامی و چەکداری.

عزیزی گوتی ئێمە لەو باوەڕەدا نین کە خەباتی چەکداری بکەین.

پاشان مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لەو پانێلەدا قسەکانی خۆی پێشکەش کرد.

هیجری سەرەتا باسی ئەوەی کرد کە؛ بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفڕانسە زۆر لەجێگای خۆیدایە، چوونکە لە ئێستادا دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران ناوچەکەی بە تەواوی ئاڵۆز کردووە. بیر و ستراتژیی ئێمە وەک حدکا بۆ داهاتوو ئەوەیە کە؛ خەباتی خۆمان لە دژی ڕێژیمێک کە لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە بە هیچ جۆرێک مافی کورد نادات درێژە پێ‌دەدەین، چوونکە ئەو ڕێژیمە سەلماندوویەتی کە لە ڕووی ئیدئۆلۆژییەوە باوەڕی بە مافی گەلی کورد نیه.

مستەفا هیجری هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ هەندێک لایەن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانوستانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا بە ئاکام نەگەیشتوون، چوونکە وەکوو باسم کرد، ڕێژیم سەلماندویەتی کە لە بنەڕەتدا باوەڕی بە مافی گەلی کورد نیه.

بەو تێبینییەوە کە ڕێژیمی ئێران هیچ باوەڕیکی بە مافی کورد نیه، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو ئاکامە گەیشت کە هێزی پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵک و داواکارییەکانمان.

هیجری باسی ئەوەی کرد کە؛ ڕێژیمی ئێران لە نەبوونی ئێمەدا پڕوپاگەندای دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکرد کە؛ هیچ هێزێکیان نەماوە، بەڵام ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات و پێشوازیی خەڵک لە پێشمەرگە، سەلماندی کە قسە و بانگەشەکانی ڕێژیم پووچ و بێ‌بایەخەن.

هیجری هەروەها باسی ئەوەی کرد کە؛ دوای ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە، لەنێوخۆی وڵاتەوە بەپۆل لاوان پەیوەست بە ڕێزەکانی پێشمەرگە دەبن.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات گوتی کە؛ ئێمە ٢٠ ساڵ دەرفەتمان دا بە ڕێژیمی ئێران کە چارەسەری مەسەلەی کورد بکات، بەڵام ئەو ڕێژیمە هیچ بایەخی پێ نەدا، لەبەر زۆر هۆکار ئێمە بەو ئەنجامە گەیشتین کە ‌هێزی پێسمەرگە بنێرینەوە نێوخۆ. ئێمە دەبی وڵامدەری چاوەڕوانیی خەڵک بین و کۆتایی بە چاوڕوانییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بێنین.

هیجری باسی ئەوەشی کرد کە؛ خەڵک پشتیوانی لە حدکا دەکات و ئێمەش درێژە بە سیاسەتی گرێدانی خەباتی شاخ و شار دەدەین، ئێمە ئیدعا ناکەین کە بە تەنیا ڕێژیمی ئێران دەڕوخێنین، بەڵام بە یارمەتیی هەموو ئازادیخوازان، ڕێژیمی ئێران دەڕوخێنین و دڕێژەش بە سیاسەتی ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران دەدەین.

پاشان عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان باسی لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان کرد کە چلۆن بەرۆکی کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی گرتووەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بە دۆخی شپرزەی کوردستان کرد و گوتی؛ ئێستا خەڵک توانای هەیە ناڕەزایەتیی خۆی دەرببڕێت.

ئێعدام و سەرکوتەکان نەیانتوانیوە خەڵک کپ بکەنەوە و ڕێژیمی ئێران دەڕوخێت، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە دەڵێن ناڕوخێت. ئەو جۆرەی کە خۆیان دەنوێنن، زۆریش بە هێز نین و تەنیا ئاژاوەگێڕی دەکەن و ئێران ناتوانێت باڵانسی خۆی ڕابگرێت و ئەو ڕێژیمە لە بەربەری فەوتان و نەماندایە.

لە کۆتایی پانێلی دووهەمەدا، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان قسەی کرد و باسی ئەوەی کرد کە؛ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، تا ئێستا ئێرانی نەگرتووەتەوە، بەڵام دۆخی شپرزی ئابووری و سیاسی و...هتد، لە نێوخۆی ئێران دەتوانێت فاکتەرێکی بەهێز بێت بۆ شێواندنی ئێران.

کۆنفڕانسی
کۆنفڕانسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشە و دەرفەتەکان

کۆنفڕانسی
کۆنفڕانسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشە و دەرفەتەکان

کۆنفڕانسی
کۆنفڕانسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشە و دەرفەتەکان

کۆنفڕانسی
کۆنفڕانسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشە و دەرفەتەکان

کۆنفڕانسی
کۆنفڕانسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشە و دەرفەتەکان