کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵیی دزینی دەكەڵە نەوتییەكە، تا دێت قووڵتر دەبێتەوە

21:53 - 5 خەزەڵوەر 2716

كوردستان میدیا: نوێنەرێكی پێشووی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ باسی ونبوونی دەكەڵە نەوتییەكە، نەك هەر دەكەڵێك، بەڵكوو ١٨ دەكەڵ دەگرێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دانشجوو، عەلی عەلیلوو، نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند: باشتر وایە لایەنەكانی ئەو بابەتە بە ڕاستبێژییەوە لێك بدرێنەوە تاكوو دیوی پشتەوەی ئەو مەسەلەیە ڕوون بێتەوە و ڕۆڵی كوڕی موهاجرانی و كەسێكی هاوبەشی بە ناوی تەباتەبایی ئاشكرا بكرێت، دەبێ ڕوون بكرێتەوە كە مەسەلە تەنیا دەكەڵێك نەبووە، بەڵكوو ١٨ دەكەڵ بووە.

عەلیلوو وتی: یەكەم شوێنێك كە گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ كرد، هیندووستان بوو. لەگەڵ كۆمپانیایەكی مایەپووچ بە ناوی ئاواند كە خاوەنی دەكەڵی كۆن و ڕزیو بوو، گرێبەستیان واژۆ كرد.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: لەگەڵ دوو خاوەنی ئەم كۆمپانیایە كە ژن و مێردێكی جوولەكەی زایۆنیست بوون، گرێبەستیان واژۆ كرد. لەو ١٨ دەكەڵە كە بڕیاری كڕینیان درابوو، ٧-٨ دەكەڵیان بە جۆرێك دەكڕی كە پارە بدەن بە لایەنی بەرانبەر و ئەویش دەكەڵە ڕزیوەكانی نۆژەن بكاتەوە و بە كرێ بیانداتە ئێران.

عەلیلوو لە درێژەدا وتی: چیرۆكی ئەم دەكەڵە دەگەڕێتەوە بۆ كوڕی موهاجرانی و كەسێك بە ناوی تەباتەبایی. بەو پێیە، تەباتەبایی هاوبەشی كوڕی عەتائوڵڵا موهاجرانی، وەزیری ئیرشادی دەوڵەتی خاتەمییە كە پێكەوە سازابوون. كرێی ساڵانەی دەكەڵ دەبووە حەفتا میلۆن دۆلار كە ١٧ میلیۆن دۆلاری دەدرێتە كەسێكی یۆنانی كە خاوەنی ڕاستەقینەی دەكەڵەكە بوو. ١٧ میلیۆن دۆلار لە پێشدا دەدەن كە لایەنی یۆنانی بەو پارەیە بتوانێ دەكەڵەكە نۆژەن بكاتەوە و ڕادەستی بكات.

بە گوێرەی وتەكانی عەلیلوو: كەسە یۆنانییەكە لەو ١٧ میلیۆن دۆلارە، ٥ میلیۆن دۆلاری خرجی نۆژەنكردنەوەی دەكەڵە ڕزیوەكە كردووە، واتە زۆر كەمتر لەو پارەیە كە لە پێشدا وەریگرتبوو. لە نالەباریی بەختی ئەو تاقمە، مەسەلەكە ئاشكرا دەبێت و دەكەوێتە سەر زاری ڕاگەیاندنەكان. بەرپرسان پاش ئاشكرابوونی مەسەلەكە، دەكەونە پەلەقاژە و درۆ و دەلەسە و بوختان هەڵبەستن بۆ ئەم و ئەو. ڕیسواییەكە دەگاتە جێگایەك كە پاش ئاشكرابوون، ناوێرن دەكەڵەكەش وەربگرن، لە حاڵێكدا كە ٦٠ میلیۆن دۆلار لە ٧٧ میلیۆن دۆلاری بەهای دەكەڵەكەیان هێشتا بە لایەنی فرۆشیار نەدابوو و ١٧ میلیۆن دۆلاریش پێشتر بە فرۆشیارەكەوە درابوو، تەباتەبایی ٦٠ میلیۆن دۆلار لە كۆمپانیای حەفاری و وەزراەتی نەوت وەردەگرێت و هەڵدێت.

عەلیلوو لە درێژەدا وتی: لایەنی یۆنانی ئەوەی بە گرێبەستەكە زیاد كردبوو كە تا ڕێكەوتێكی دیاریكراو، من دەكەڵەكە ڕادەستی ئێوە دەكەم و ئێوەش پارەكەی من بدەن، دەنا گرێبەستەكە خۆبەخۆ هەڵدەوەشێتەوە.

ڕێكەوتەكە وادەی بە سەر چوو و تەباتەبایی پارەكەی برد و ڕادەستی فرۆشیارەكەی نەكرد، كەوابوو پارە نەگەیشتە دەستی فرۆشیارەكە و گرێبەستەكە بە فەرمی هەڵوەشایەوە. دەكەڵی نۆژەنكراو بە پارەی ئێران، ئێستا لە كەنداوی میكزیك خەریكی هەڵكەندنی بیری نەوتە. ڕێسوایی گەیشتە جێگایەك كە لایەنی یۆنانی پەیامی نارد كە كە ١٧ میلیۆن دۆلارەكە، ١٢ میلیۆنی زیادی بووە و من تەنیا ٥ میلیۆنم بۆ نۆژەنكردنەوەی خەرج كردووە، وەرن پارەی خۆتان وەرگرنەوە، بەڵام كەس بە دوایدا ناچێت. چوونكە لە لای خۆیان گوتبوویان ئەگەر بڕۆین ئاشكرا دەبین.

ناوبراو لە كۆتاییدا وتی: ڕەوتی گەندەڵكاران چۆن لە ڕووی هەڵدێت گەندەڵییەكانی دۆسیەی دەكەڵە نەوتییەكان پەردەپۆش بكات و كەسانی دیكە تۆمەتبار بكات؟