کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەشداریی له کۆنگرەی پارتی سوسیالیستی کوردستان کرد

14:52 - 2 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەشداریی له کۆنگرەی پارتی سوسیالیستی کوردستان کرد و پەیامێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ۳۰ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی پارتی سوسیالیستی کوردستان لە دەرەوەی وڵات کۆنگرەی خۆی بە بەشداری مەسعوود تەک لە شاری کۆڵنی ئەڵمان گرت و شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، بە سەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەشداریی کۆنگرەکەیان کرد
.
لە سەرەتای کاری کۆنگرەدا، هاوڕێی تێکۆشەر مەسعوود تەک سەرۆکی پارتی سوسیالیستی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.

مەسعوود تەک لە وتارەکەیدا وێڕای هەڵسەنگاندن و شی کردنەوەی دۆزی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و بە تایبەتیش خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەی لە باکووری کوردستان، بە تێروتەسەلی باسێکی لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پشتیوانی و یارمەتیدانی حیزبەکەی لە ڕاسان دووپات کردەوە و داوای لە هەموو گەلی کورد کرد پشتیوان و یارمەتیدەری ڕاسان بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بن.

لە درێژەی کاری کۆنگرەدا شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات لە وتارێکدا وێڕای پیڕۆزبایی لە پارتی سۆسیالیستی کوردستان و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاماژەی بە خەباتی یاسایی پارتی سۆسیالیست لە کوردستانی تورکیا کرد و گوتی: لە ڕاستیدا خەبات و تێکۆشانی ئێوە تەنیا بۆ شەش مانگی ڕابردوو ناگەڕێتەوە کە بەشێوەی یاسایی چالاکی دەکەن، بەڵکوو ئێوە زیاتر لە چل ساڵە بەبێ پسانەوە و هەدادان خەباتی یاسایی دەکەن، خەبات دەکەن بۆ مافی ڕەوای نەتەوەی کورد، ئەوە دیکتاتۆڕەکانن کە بە شێوەی نایاسایی دەسەڵاتیان قۆڕغ کردووە و بە ناوی یاسای داتاشراوەوە نەتەوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد دەچەوسێننەوە، ئەوەی کە ئێستا پارتی سۆسیالیستی کوردستان دەتوانێ بە شێوەی یاسایی و بە ڕێگای وتووێژ و دیالۆگەوە پرسی ڕەوای نەتەوەکەی بێنێتە گۆڕێ، بەرهەمی چل ساڵ خەبات و تێکۆشانی ئەو حیزبەیە و ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتگیری خەباتە ڕەواکەتان دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.