کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە سەڵماس کۆچی دوایی کرد

15:36 - 13 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: حاجی ئەحمەد عەلیخانی کەسایەتی نیشتمانپەروەری شاری سەڵماس ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، حاجی ئەحمەد عەلیخانی خەڵکی گوندی نزراڤا، لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حاجی ئەحمەد یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی شاری سەڵماس بوو کە نەک هەر خۆی، بەڵکوو بە گشتی بنەماڵەی عەلیخانی هەموو کاتێک بە نیشتمانپەروەری و کوردانە ژیاون و ناوبراو لە ناوچەدا وەکوو کەسایەتییەکی جێگای ڕێز سەیر دەکرا.

شایانی باسە کە، چەندین کەس لە بنەماڵەی عەلیخانییەکان ئەندام و تێکوشەری حیزبی دێموکراتن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر جار بە هێنانی زەخت و گوشار، هەوڵیداوە حاجی ئەحمەد و بنەماڵەکەی بخاتە ژێر کاریگەریی پیلانەکانی خۆی، تاکوو بتوانێ لەم ڕێگایەوە خەڵکی ناوچە چەکدار بکات، بەڵام حاجی ئەحمەد بە هەست کردن بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی هەردەم وەڵاتپارێز مایەوە و قەت نەچووە ژیر کاریگەریی زەخت و داواکارییەکانی ڕێژیمی ئێران.

حیزبی دێموکرات سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.