کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان و کرێکاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد

15:36 - 15 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: کرێکارانی ناڕازی بەردەم شارەداری تاران کەوتنە بەر لێدان و زیاتر لە ١٠٠٠ مامۆستای خانەنشین کراویش لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیمدا کۆبوونەوە.

ماڵپەڕی ئینتێرنێتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران ئاشکرای کرد هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم دوێنێ یەکشەممە هێرشیان کردە سەر کرێکارانی ناڕازی کۆمپانیای ئۆتوبوسڕانی تاران و پاش لێدان و کوتانی بەشێکیان چەند چالاکی کرێکاریشیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ئەم هەواڵە کرێکارانی ناڕازی بەردەم بینای شارەداری تاران بۆ ئەستاندنەوەی مافی خانوبەرەی کرێکارانی ئەم کۆمپانیا کۆببوونەوە کە لەگەڵ دژکردەوەی تووندی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەوە و جگە لە برینداربوونی بەشێکیان چەندین کەسیشیان دەسبەسەر کران.

لە هەواڵێکی دیکەشدا ماڵپەڕی دۆیچەوێلە ئاشکرای کرد سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز زیاتر لە ١٠٠٠ مامۆستای خانەنشی کراو بە ئێعتراز بە ئاستی کەمی مووچەکانیان لەبەردەم مەجلیسدا کۆبوونەوە و داوای یەکسان کردنەوەی مووچەکانیان لەگەڵ خانەنشین کراوانی وەزارەتخانەکانی دیکە کردبوو.

مامۆستایانی ناڕازی وتوویانە نادادپەروەرییەکی زۆر بەرامبەر بە ئێمە دەکرێت کە زەقترینیان ڕێژەی مووچەکانمان و مەسەلەی بیمەیە کە لە هەموو وەزارەتخانەکان کەمترە.

یەکێک لە دروشمەکانی ئەم مامۆستایانە ئەمە بوو: مووچەی ئێمە ١ میلیۆن، هێڵی هەژاری ٣ میلیۆن.

بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان کە پێگەی مامۆستایان پێگەیەکی تایبەت و شیاوی کار و زەحمەتەکانیانە، لە ئێراندا توێژی مامۆستا یەکێک لە بێ مافترین چینەکانی کۆمەڵگان کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناچار دەبن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لە کاری دووهەم و سێهەم بکەن.