کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ لەگەڵ نوێنەری حیزبی سەوزەکانی ئەو وڵاتە

15:26 - 19 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، لەگەڵ یان بۆیەر ڤیندهەیم کۆ بووەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ، دیدارێکی لەگەڵ یان بۆیەر ڤیندهەیم نوێنەری حیزبی سەوزەکانی نۆروێژ پێکهێنا.

لەم دیدارەدا کە لە شاری ئۆسلۆ بەڕێوە چوو، چەندین بابەتی وەک، ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بارودۆخی هەر چوار بەشی کوردستان، پێوەندیی نێوان هێزەکانی کوردستان و پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی سەوزەکانی نۆروێژ باسیان لێ کرا.

لە پێوەندی لەگەڵ ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزبی دێموکرات دەستی پێکردووە، نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لە پێوێستیی ئەم حەرەکەتە، ئامانجەکانی و کاریگەرییەکانی لە سەر کوردستان و ئێران کرد.

دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و ئەگەری شەڕێکی ڕاستەوخۆی وڵاتانی کەنداو بە سەرپەرەستیی سعوودیە لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لێوەکرا.

ئەلیاسی لەم بارەوە باسی لە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە کرد و پێیوابوو کە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران تا دێت ئاگری شەڕ خۆشتر دەکات و بە کردەوە ڕێژیمی ئاخوندی بۆتە بەشێک لە شەڕی عێراق، سوریە و یەمەن. بۆیە ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهێزترین فاکتەری ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە.

ئەوەی کە ئێستا هاوکات لە هەر چوار بەشی کوردستان، کورد لە مەیداندایە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی و هەروەها ئەوەی کە کورد بەشێکی کاریگەرە لە شەڕی دژی توندڕەویی و تێرور، وەک خاڵیکی ئەرێنی لە سەر کورد باسی لە سەر کرا.

یەکڕیزیی هێزەکانی کورد و وازهێنان لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان وەک فاکتەرێکی بنیاتنەر لە لایەن نوێنەری حیزبی سەوزەکانی نۆرویژەوە باسی لێ کرا.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم بارەوە ڕایگەیاند کە؛ حیزبی دێموکرات ئێستا لەگەڵ هیچ کام لە هێزەکانی کوردستان پێوەندیی لاواز نیە و لەمێژە وێڕای ئەوەیکە هێندێک جاریش تا ڕادەیەک غەدری لێکراوە، بەڵام بەو ئاکامە گەیشتووە کە باشترین دۆستی کورد دەبێ کوردەکان بۆ خۆیان بن.

بۆیە پێویستە ناکۆکیەکانیشمان بە ئاشتیانە چارەسەر بکەین و ئەگەر نەتوانین یارمەتیدەری یەکتر بین، ئەوا کێشە بۆ یەکتر دروست نەکەین.

لە کۆتاییدا دوو لایەن لەسەر بەردەوامیی پێوەندییەکانیان جەختیان کردەوە.