کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤەوە خۆپیشاندانێک لە سوویس بەڕێوە چوو

21:37 - 21 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری بێرن لە وڵاتی سوویس،خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ـ سویس، کانوونی دێموکراتیکی پەنابەران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەڕێوەچوو.

دەستپێکی بەرنامەکە بە خویندنەوەی وتارێک بە زمانی ئاڵمانی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانە و ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ دەستی پێکرد.

پاشان کامران ڕەسوڵی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس، وتارێکی پێشکەش بە بەشداران کرد، ڕەسوڵی لە سەرەتای قسەکانیدا بە ناوی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە لە سوویس، بەشداری لەو خۆپیشاندانەی بەرز نرخاند و گوتی: دڵنیام ئەو کەسانەی کە وتار پێشکەش دەکەن بە وردی دەچنە سەر دۆخی ماڤی مرۆڤ لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران، بۆیە لێرەدا وەک حیزبی دێموکرات بەشی زۆری قسەکانم لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێت. ناوبراو لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی: زیاتر لە ٣٨ ساڵ لە تەمنی پڕ لە تاوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تێدەپەرێت، ڕێژیمێک کە هەر لە سەرەتاوە وڵامی ویست و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانی بە فتوای جیهاد و کۆمەڵکۆژی و پەت و سێدارە و گولـلەباران دایەوە. هێرش بۆ سەر کوردستان و شەڕی سنە و پاوە و کۆمەڵکۆژی قاڕنێ و قەڵاتان، لە دەستپێکی تاوانەکانی ڕێژیمی کۆمای ئیسلامی لە کوردستان بوون.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی؛ دوای سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی کوردستان، فازێکی دیکەی تاوانەکانی ڕێژیم لە دەروەی وڵات دەستی پێکرد کە لە ماوەی چەندین ساڵدا ماشینی تێرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەسانی بیرمەند و تیکۆشەری وەک د.قاسملوو، د. شەرەفکەندی و هەروەها کەسانی وەک شاپوور بەختیار و کازم ڕەجەوەی و دەیان کەس لە نووسەران و جیابیرانی لە دەروەی وڵات تێرۆر کرد.

ڕەسووڵی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد؛ بە دوای هاتنەسەرکاری دەوڵەتی ڕۆحانی زۆر کەس و لایەن پێیانوابوو کە ڕۆحانی مدینە فاضلە بۆ ئێرانییەکان دروست دەکات، بەڵام وەک ئاگادارن نەک هیچ ئاڵوگۆڕیک پێکنەهات، بەڵکوو لە سەردەمی ڕۆحانیدا بە سەدان کەس لە گیراوانی سیاسی لەسێدارە دران و شەپولی ڕەشبگیری و بێ‌سەروشوێن کردن زیاتر پەرەی سەندووە.

ڕەسووڵی لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، ڕەمزی سەرکەوتنی گەلانی ئێران یەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانە، بۆیە ڕێژیم مانەوەی خۆی لە پرشوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی دەبینێتەوە و لەو بارەوە زۆرترین پلانی بۆ ئەم تەوەرە هەبووە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد؛ بە دەستپێکردنەوەی خەباتی نۆێی حیزبی دێموکرات لەژێر ناوی ڕاساندا، حیزبی دێموکرات بۆ هەر چی باشتر و بەربڵاوتر کردنی ئەو خەباتە پێویستی بە پشتگیری و پشتیوانیی هەموو گەلانی ئێرانی و هێز و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە ئێرانییەکان هەیە، حیزبی ئێمە بڕیاری داوە کە بە شێوەیەکی بەربڵاو و فرەڕەهەند بەرەوڕووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ببێتەەوە و بۆ ئەو خەباتەش ئامادەیه نرخی قورس بدات.

ڕەسووڵی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێڕان تەواوی ئەو بەڵگە و خاڵانەی نێو جاڕنامەی گەردوونیی ماف مرۆڤی پەسەند کردووە و لە ماوەی خەباتی خۆیدا ڕەچاوی هەموو ئەو خاڵانەی کردووە کە باس کراون.

هەر لەو خۆپیشاندانەدا، بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ لە لایەن لوقمان ماماڵ نژاد ئەندامی حیزبی دێموکرات خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکە بەرنامەکەدا بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بە زمانی کوردی لە لایەن ئەنوەر بەردیا ئەندامی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.

لە دریژەی خۆپیشاندانەکدا لەلایەن نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەوە چەندین پەیام پێشکەش کرا.