کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزگرتن لە ڕۆژی پێشمەرگە و پێشوازی لە شەوی یەڵدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە

19:58 - 30 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی ڕێبازی حیزبی دێموکرات بە بۆنە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها پێشوازی لە شەوی یەڵدا، شەوی لەدایکبوون د.قاسملووی نەمر، چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و هاوکات پەیمانی وەفادارییان بە ڕێبازی شەهیدان و پشتیوانی لە ڕاسانیان نوێ کەردەوە.

ورمێ

تێکۆشەرانی ڕێبازی شەهیدان لە ئیسلام ئابادی شاری ورمێ، بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ژاوەرۆ، ئاوایی ئەوێهەنگ

ئەویندارانی ڕێبازی دێموکرات لە ئاوایی ئەوێهەنگی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان بۆ جاری چەندەم، بە بۆنەی بەرز ڕاگرتنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و هاوکات لە نامەیەک دا لە ژێر ناوی لە ژاوەرۆی مەکۆی شەهیدانەوە بۆ کۆیەی سەربەرز، سەرەڕای بەرز ڕاگرتنی شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی ڕێبەری ناوداری کورد شەهید قاسملوو، پەیمانی وەفادارییان لەگەل ڕاسان و پێشمەرگە و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان نوێ کردەوە.

ئەوە دەقی نامەکەیە:

لە ژاوەرٶی مەکۆی شەهیدانەوە بۆ کۆیەی سەربەرز
ئێمە وەکوو ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی، لە ژاوەرۆی مەکۆی شەهیدان و ئەوێهەنگی دێموکراتپەروەرەوە، لە بەرەبەرەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و شەوی لەدایکبوونی خۆرەتاوی کوردان، (قاسملووی مەزن) لە کووچکە سوورەوە، پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدەکانمان بە گشتی و شەهیدانی ڕاسان بەتایبەتی، نوێ دەکەینەوە و لێرەوە و بەم شێوەیە ڕایدەگەیەنین کە، بەڕێز سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک مستەفا هیجری، تا دوایین دڵۆپی خوێنمان، پشتگیری و پشتیوانی لە ڕاسان و پێشمەرگە و حیزبە خۆشەویستەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەین.