کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجەستە کردنی روحیە و کەلتوری پێشمەرگە لە تاکی کورددا پێویستە

13:34 - 3 بەفرانبار 2716

ئەلبۆرز ڕووئین تەن

بۆچی ئێمە وەک نەتەوەیەکی بندەست کە بە دوای بەده‌ستهێنانی ماف و نرخە مرۆییه‌‌کانمانین، خەبات دەکەیەن.؟

خەباتگێڕانی ئێمە زیاتر لە هەموو تاکه‌كانی نەتەوەکەمان ئەرک دەکەوێتە سەر شانی و ئەویش لە ژێر باری قورسی ئەو بەرپرسیاریه‌تییه‌ قارەمانی دەنوێنێ و تەنانەت بگرە گرانبایترین مایه‌ی واتە ژیانی دەکاتە فیدای ئەو بەرپرسیاریه‌تییه‌. ئەو تاکە خەباتگێڕانه‌ لە سەردەمی کۆماری كوردستان و بە ئامادە بوونی پێشەوا ناوی پێشمەرگەیان لێنرا. پێشمەرگە بەو کەسە دەگوترێ کە بە هەڵگرتنی فەلسەفەی بەرده‌وامیی ژیان بە خزمەت کردن بۆ نەتەوە و نرخە مرۆییەکان گیانی دەکاتە قوربانی تا نەتەوەیەک ئازاد بژیت.

ئەو فەلسەفەیە وێڕای وێناکردنی وێنەی چەک و شاخ و سەختی، رۆحێکی پەپولەیی لە ناخی تاکی پێشمەرگە دروست دەکات، بە جورێک بۆتە بەشێک لە ژیانی نەتەوەکەمان وەک ئەوەی هەر کوردێک بیهەوێ پلەی شەرەف و بەرزی لە ژیاندا وەربگرێ، ئەبێ بە ڕێڕەوی ئەو فەلسەفەیەدا تێپەڕ ببێ.

زۆرن لەو ناودارانە و شارەزایانی کورد جا لە هەر بوارێک دا بێت بەو ڕێڕەوە دا تێپەڕ نەبوبێ و وێڕای شارەزایەکەی جا لە هەر بوارێک دا بێت، پلەی پێشمەرگایەتی و ژیان کردن وەک پێشمەرگە بۆ خۆی بۆ ئەوەی بگاتە ئەو پلەیە کە تاکی نمونەی گەل بێت بە پێویست بزانێت و جلی خاکی لەبەر بکات و جامانەی کوردی لەسەر و لە شاخێکی ئەم کوردستانەدا وەک پێشمەرگە بە بزەیەکی قارەمانانە بە پیل مەرگەوە بۆ بونیات نانی ژیان بڕوات. دەتوانین بە دەیان و سەدان شاعیرو نوسەرو ئاکادمیستی زانستی و وێژەیی ناو ببەین بۆ سەلماندنی ئەو وتەی سەرەوە.

کەواتە ناوی پێشمەرگە زیاتر لە ناوێک هەڵگری فەلسەفەیەکی قووڵی ژیانە. تێیدا تاکەکان مانای ژیان بە ڕەهەندە مەعنوی و عه‌قڵانییه‌كه‌ی فێر دەبن و ئەو نرخە بەرزەی مرۆڤایەتی واتە فیداکاری دەکەنە سەرمەشقی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان.

هەر ئەو فیداكارییانه‌ بووه‌ته‌ هۆی دروستبوونی مێژوویەک کە تێیدا مرۆڤی باش و خراب مانا کراوە و هەوڵی پەرەپێدانی داوە تا ژیان جوان بێت. کاتێک نرخی فیداکاری وەکو نرخێکی بەرز وەردەگیرێ لە فەلسەفەی پێشمەرگە، دەبێ هەوڵ بدرێت بۆ پەرەپێدانی ئەو ڕوحیە و نرخە لەنێو هەموو تاکەکانی کۆمەڵگادا تاكوو کۆمەڵگایەکی فیداکارمان هەبێ و ژیانێکی ئازاد و بە کەرامەت بەرهەمبهێنرێت.

ئەوکات مانای پێشمەرگە بوون زیاتر لە جلی خاکی و هه‌ڵگرتنی چەک لەخۆ دەگرێت و بەڵکوو لە ژیانی هەمووماندا بە بەرجەستە کردنی ئەو ڕۆحیەتە ئەگەر بە فەرمیش پێشمەرگە نەبین بە کردوە پێشمەرگەین و دەبین بە هێزێکی دیكه‌ بۆ سەرخستنی شۆڕش و داخوازییه‌كانی گه‌ل.

پرسیار لێرەدایە چۆن ئەو ڕوحیەی پێشمه‌رگه‌ واتە فیداكاری لە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگادا بەرجەستە بکەین بۆ ئەوەی هەر کەسەو چەند دەتوانێ خزمەتی ئامانجەکانی پێشمەرگە بکات تا زووتر و ئاسانتر سەرکەوین و بگەین بە ترۆپکی ئامانجەکان. بە پەرە پێدانی ڕوحیەی فیداکاری لە ناخی تاکدا بە پەروەردە كردن و کاری رێكخستن و ڕێکخراوەیی دەکرێ، چونکوو ئەگەر بتوانیین ئەو مانایە بۆ تاکەکان شی بکەینەوە ئەوکات ئەو تێگەیشتنە عەقلانییە له‌ هەر شوێنێک بین و هەر کارێک بکەین ئەوەی لە دەستان دێت جا مادی و مەعنەوەی یا هەر جۆرێکی دیكه‌ی ڕەوا بێ، دەكرێ خزمەتی پێشمەرگە و ئامانجەکانی بکەین. لێرەدا تاک ئەگەر پێشمەرگەیش نەبێ ئەوا ڕۆحیە و فەلسەفەی پێشمەرگایەتی لە خۆیدا بەرجەستە ده‌كاته‌وه‌. لە کۆمەڵگایەک کە تێیدا تاکەکان ڕوحیەی پێشمەرگایەتی تێیدا بەرجەستە کراوە بەدەستهێنانی ئازادی و هەر مافێكی دیكه‌ی ڕەوا هەبێ ئاسانترە، چونکوو تاکە فیداکارەکان کۆمەڵگایەکی فیداکاریان دروست کردوە.

هەر بۆیەش لە ڕۆژی پێشمەرگە و لە خزمەتی پێشمەرگەدا زیاتر لە پیرۆزبای و زانینی خەبات و قارەمانێتی پێشمەرگە دەبێ هەوڵ بدەین ئەو ڕوحیەتە لە خۆماندا بەرجەستە بکەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.