کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێسباح یەزدی باسی لە بێبایەخ بوونی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا کرد

14:39 - 15 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ئاخوند مێسباح یەزدی لە نوێترین لێدوانی خۆیدا بەشێوەی ناڕاستەخۆ دانی بەوەدانا کە لە نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا شتێک بەناوی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی خەڵک مانای نییە و بێ بایەخە.

ئاخوند مێسباح یەزدی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی ئینتزامی ڕێژیم باسی لە بێ واتابوونی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک کرد و وتی هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی بوونی نییە کە بیسەلمێنێ لە ئیسلامدا ملکەچ بوون بەرامبەر هەڵبژێردراوی خەڵک تەنانەت ئەگەر زۆرینەی خەڵکیش دەنگی پێدابێت پرسێکی پێویستە کەواتە ناتوانین بڵێین دەبێ ملکەچی نوێنەرانی خەڵک بین.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا کە سەلمێنەری باوەڕمەندنەبوونی ڕێژیم بە پرسی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکە دەڵێ: ئێمە پێڕەوی ئایەتوڵا خومەینین؛ ئەویش وتوویەتی: ئەگەر کەسێک بە کۆی دەنگی خەڵک هەڵبژێردرێ بەڵام لەلایەن وەلی فەقیهەوە دیاری نەکرابێت نابێ پێڕەوی لێ بکرێت چوونکە ملکەچ بوون بەرامبەر ئەو کەسە یەکسانە لەگەڵ ملکەچ بوون بەرامبەر تاغوت.

هەواڵدەریی حکومەتی ئیلنا لەکاتی ڕووماڵ کردنی قسەکانی ئەم ئاخوندە بناژۆخوازەی ڕێژیم لە زاری ناوبراوەوە دەڵێ: ڕەوایی نیزامی ئیسلامی تەنیا وەلی فەقیهە و بەم هۆیەشەوە ملکەچ بوون لەبەرامبەر وەلی فەقیه پرسێکی واجبە و ئەگەر وەلی فەقیه پێی باش نەبێ پێڕەوی لە کەسێکی دیکە بکەیت تەنانەت ئەگەر خەڵکیش دەنگی پێدابیت ئەوا پێڕەوی کردنە لە تاغوت.

بەکورتی قسەکانی یەزدی ئەو ڕاستییە دەەلمێنێ کە نیزامی ئیسلامی واتە ملکەچ بوون بەرامبەر کەسێکی هەڵنەبژێردراو بەناوی وەلی فەقیه کە هێج بایەخێک بۆ دەنگی گشتی خەڵک دانانێت.

تەقی مێسباح ناسراو بە مۆحەممەد تەقی مێسباح یەزدی کە یەکێک بووە لە قوتابییەکانی خومەینی و بە دەروێشێکی ملکەچی ناوبراو دەناسرێ، یەکێک لە پشتیوانانی ئیسلامی بونیادگەرا و بەرەی بناژۆخوازی نێو ڕێژیمە کە لە ماوەی دەسەڵاتدارەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەستی لە دەیان تێرۆر و قەتڵدا هەبووە کە زەقترینیان پەروەندەی قەتڵە زنجیرەییەکانە؛ ناوبراو کە بە یەکێک لە ئاخوندە ئاڵقەلەگوێکانی ڕێژیمیش دەژمێردرێ وەک خۆشخزمەتی کردنێک بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە سەرماوەزی ساڵی ٩٣دا وتبووی: عەلی خامنەیی زۆر سەرتر لە شیاوییەکانی خەڵکی ئێرانە و خەڵک شیاوی ئەوە نین کە ڕێبەرێکی وەک ئەویان هەبێ.