کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا لە نزیکبوونەوەی تورکیە لە ڕووسیە دەترسێت

14:48 - 16 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: بڵاوکراوەیەکی ئاڵمانی باسی لە ترس و دڵەڕاوکێی ئورووپا سەبارەت بە پشت کردنی تورکیە لە ڕۆژئاوا و نزیکبوونەوەی لە ڕووسیە کردووە.

حەوتوونامەی ئێشپیگێل لە بابەتێکیدا هێناویە: لە یەکیەتیی ئورووپا ئەو نیگەرانییە پەرە دەستێنێ کە ئەم وڵاتە پشت لە هاوپەیمانیی ڕۆژئاوا بکات و وێلادیمیر پووتین جێگرەوەی ئەو هاوپەیمانییە بکات.

ئێشپیگێل لە بەشێکی دیکەی ئەو بابەتەدا هێناویە: لە کاتی کودەتای نیزامیی مانگی جولای لە تورکیەوە تا ئێستا، ئەردۆغان ٤٠ هەزار کەسی دەستبەسەر کردووە و هەزاران کارمەندی لەکار لاداوە و زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکانیشی داخستووە.

یەکێک لە نوێنەرانی سوسیال دێموکراتی پارلمانی ئورووپا لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە؛ بەدڵنیاییەوە ئانکارا مافی خۆیەتی لەبەرانبەر تێرۆریسمدا داکۆکی لە خەڵکەکەی خۆی بکات. بەڵام لەو پرسەدا بەو ڕەوتەی کە گرتوویەتەبەر بۆی جێبەجێ نابێت. واتە بە زیندانی کردنی دەیان هەزار کەس و یان بێکار کردنیان.

ئەردۆغانیش لە بەرانبەردا ئەو ڕەخنەیە لە یەکیەتی ئورووپا دەگرێت کە؛ بوونەتە دوورگەی ئارامی تێرۆریستانی داعش.

تورکیە بەمەبەستی ترساندنی ئەندامانی دیکەی ناتۆ، بیری لە دانوستان لەگەڵ ڕووسیە سەبارەت بە سیستمێکی بەرگریی مووشەکی کردۆتەوە.

هەروەها لە مانگی نۆڤامبری ڕابردوودا، سەرۆک کۆماری تورکیە ڕایگەیاندبوو کە چیدیکە بە هەموو نرخێک نایهەوێ ببێتە ئەندامی یەکیەتی ئورووپا.