کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گومانەکان بۆ کۆژرانی ڕەفسەنجانی بەهێزتر دەبن

14:27 - 21 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ئەگەرچی ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ڕیژیمی تاران هۆکاری مردنی ڕەفسەنجانییان جەڵتەی دڵ ڕاگەیاند بەڵام هەندێک گومان لە ئێستادا بوونیان هەیە لەمەڕ حەزفی فیزیکی ناوبراو.

ئەو تێرۆیستە بەناوبانگەی ڕێژیم کە هەندێک کەس وەک باوکی تێرۆری کۆماری ئیسلامی دەیناسێنن لە کوشتنی جیابیران، ئێعدامی بە کۆمەڵ و دەیان کردەوەی تێرۆریستی و جینایەتکارانەدا دەستی هەبووە.

پاش مردنی ئەم زاتە پۆخڵەی ڕێژیم، کۆمەڵێک لێدوانی دژبەیەک لەلایەن کەسانی نیزیک لە ناوبراو و بەرپرسانی حکومەتییەوە بڵاو کراوەتەوە کە گومانەکان لە سەر مردنی ئاسایی ڕەفسەنجانی زیاتر دەکەن؛ وەزیری لەش ساخیی ڕێژیم پاش ڕاگەیاندنی هەواڵی مردنی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند: ئەوەندەی کە پێویست بووە کار بۆ چارەسەری نەکراوە و کەمتەرخەمی کراوە.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمییش، کاتێک کوڕەکەی ڕەفسەنجانی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ نەخۆشخانەی تەجریش گوازراوەتەوە، پاش دابەزین لە ماشینی هێزی ئینتزامی و لە نێو خەڵکی بەردەم نەخۆشخانەکەدا هاواری کردووە و وتوویەتی، باوکمیان کوشت!.

مالپەڕی ئامدنیوز نیزیک لە بەرەی ئیسڵاحخوازی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە ڕەفسەنجانی تێرۆری بیۆلۆژیکی کراوە تاکوو بە نەمانی ناوبراو سێناریۆکانی سپای پاسداران پێش لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٩٦ ئاسانتر بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە حیسام ئاشنا ڕاوێژکاری حەسەن ڕوحانی چەند کاتژمێر پاش مردنی ڕەفسەنجانی لە تویتێردا نووسی: ئەمشەو هەندێک کەس بە ئارامی دەنوون بەڵام بێ ئاگان لە سبەی و دووسبەی کە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە مەبەستی ناوبراو چەشنێک لە هەڕەشەکردنە لەو کەسانەی ڕەفسەنجانییان کووشتووە و لە داهاتوودا ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن.

هەندێک لە چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە کە مردنی ڕەفسەنجانی لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە بەرەبەرە لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ڕۆحانی نیزیک دەبینەوە، مردنێکی ئاسایی نییە و بەپێی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئەگەری مردنی نائاساییش لەگۆڕێدایە.

ڕەفسەنجانی یەکەم کەس نییە کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا هۆکاری مردنەکەی لە نێو تەم و مژدا دەشاردرێتەوە؛ زەقترین نموونەی مێژوویی لەم چەشنە مردنی ئەحمەد خومەینییە کە لە نێو کەشێکی نارووندا هۆکارەکانی مردنەکەی پەردەپۆش کرا.