کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەكان بۆ دانانی مۆرەیەكی خامنەیی لە پۆستی سەركۆماریدا دەستی پێ كرد

15:50 - 26 بەفرانبار 2716

كوردستان میدیا: موەحیدیی كرمانی، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی دژەمرۆیی جامعەی ڕۆحانیەتی موبارز داوای لە تاقمی ناسراو بە ئوسوولگرایان كردووە نزیكترین كەس لە خامنەیی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەركۆماری بدۆزنەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەری حكوومەتیی ئیسنا، موحەممەد عەلی موەحیدیی كرمانی، كە لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئوستانیی ڕێكخراوی ئوسوولگرای بەرەی خەڵكیی هێزەكانی شۆڕشی ئیسلامی قسەی دەكرد، وێڕای حاشاكردن لە ئیمپراتۆریی ماڵیی زەبەلاحی خامنەیی و تاقمە مافیاییەكانی دەسەڵات و سەرمایەی ژێردەستی ناوبراو ڕایگەیاند: ئێمە دەبێ بگەڕێین و نزیكترین كەس لە ڕێبەر لە ڕووی كەسایەتی، ڕوانگە، ئازایەتی، گوێنەدان بە ماڵی دنیا و سادەیی ژیان و دادپەروەرییەوە بدۆزینەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: نامانهەوێ كەسێك ببێتە سەركۆمار كە بەرانبەر بە پارە دزراوەكانی بەیتولماڵ خەمسارد بێت، بەڵكوو دەمانهەوێ كەسێك دیاری بكرێت كە پارەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەیتولماڵ و پێش بە كەڵكاژۆ وەرگرتنەكان و ڕانتخۆرییەكان بگرێت.

داوای دەستنیشانكردنی كەسێكی نزیك لە خامنەیی لە لایەن تاقمی بناژۆخوازەوە لە كاتێكدایە كە كارنامەی ئەحمەدی نژاد، سەركۆماری پێشووتری ڕێژیم كە ڕوانگەكانی لە وەلی فەقیه نزیكتر! بوون، لە ڕووی ئاست و بەربڵاویی گەندەڵی، دزی و تاڵانی سامانی گشتیی وڵات و ڕانتخۆرییەوە لە حكوومەتەكەیدا بە كارنامەیەكی ڕەش دێتە ئەژمار.

هەروەها گەندەڵیی بەربڵاو لە دامەزراوەكانی ژێر دەسەڵاتی خامنەییدا لە دەرەوەی هەموو چاوەدێرییەكدایە و كەسانی سەر بە ڕێبەری ڕێژیم، بە گەندەڵترین كەسان لە كۆماری ئیسلامیدا دەژمێردرێن.

هەروەها لە ڕووی ئەخلاقییەوە، بۆ ئاماژەكردن بە دوایین نموونەكانی گەندەڵیی كەسانی نزیك لە ڕێبەری ڕێژیم، دەكرێ باس لە دۆسیەی ڕیسوایی ئەخلاقیی سەعید تووسی، قورئانخوێنی جێی باوەڕی خامنەیی و بنەماڵەكەی بكەین كە كەسێكی نزیك لە خامنەییە و بە دەستدرێژی بۆ سەر مێرمنداڵانی قورئانخوێن تۆمەتبار كراوە، بەڵام بە هۆی پاڵپشتیی ڕێبەری ڕێژیم لە ناوبراو، ئەو دۆسیەیە پەردەپۆش كرا.