کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی ڕووسیە ترامپی بانگهێشتی دانیشتنەکانی ئاشتیی سووریە کرد

16:22 - 26 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ڕووسیە داوای لە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا کردووە کە؛ لە دانیشتنەکانی ئاشتیی سووریەدا، کە ڕۆژی ٢٣ی ژانویە، لە شاری ئاستانە، پێتەختی وڵاتی قێرقیزستان بەڕێوە دەچێت، بەشداریی بکات.

بەپێی ڕاپۆڕتێک کە ڕۆژنامەی ئامریکایی واشینگتۆن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، ئەم داواکارییەی دەوڵەتی ڕووسیە لە دۆناڵد ترامپ، بە واتای بێ‌بایەخ کردنی دەوڵەتی باراک ئۆباما، سەرۆک کۆماری ئێستای ئامریکایە کە تا ڕێکەوتی ٢٠ی ژانویە دەسەڵاتداریی وڵاتی ئامریکای بەدەستەوەیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، مارک تۆنێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە؛ بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستدان، هیچ بانگهێشتێکی فەرمی بۆ بەشداری لەم دانیشتنانەدا بۆ ئێمە بەڕێ نەکراوە.

تۆنێر هەروەها ڕایگەیاند کە؛ دەوڵەتی باراک ئۆباما هیچ ناڕەزایەتییەکی لەمەڕ بەشداریی دەوڵەتی داهاتووی ئامریکا واتە دەوڵەتی ترامپ لەو دانیشتنانەدا نییە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەم دانیشتنانە ڕاگەیاندووە.

لە درێژەدا هەواڵدەریی ئەلعرەبیە، لە زاری سەرچاوەیەکی باوەرپێکراوی ڕووسیەوە، بڵاوی کردووەتەوە کە؛ وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە دەیهەوێت ڕۆژانی ٢٦ و٢٧ی ئەم مانگە، ئۆپۆزیسیۆنی سووریە کۆ بکاتەوە، تاکوو هەلومەرجێک بۆ دانیشتنەکانی داهاتووی ژنێڤ بە بەرپرسایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای ئەم دانیشتنانە، بڕەخسێنێت.