کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لە بارەی ئەگەرەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە شاری کۆیە بەڕێوە چوو

21:04 - 26 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە سێمنیاری ئەگەرەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی کە لە پەیمانگای تکنیکیی هەیبەت سوڵتانی کۆیە بەڕێوە چوو بەشداری کرد.

لە سەر بانگهێشتی فەرمی ڕێکخراوی گەشەی لاوانی کوردستان، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، بە سەرپەرەستی محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەشداری لە سێمیناری ئەگەرەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی کرد کە بۆ پرۆفێسۆری دوکتور هوشمەند عەلی ڕێکخرابوو.

لەو سێمینارەدا دوکتور هوشمەند تیشکی خسته سەر لایەنەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی حکوومەتەکانی کوردستان وەک حکوومەتی مەلیک مەحموود، کۆماری کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاش ساڵی ١٩٩١ی زایینی.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سێمینارەدا دوکتور هوشمەند هەلومەرجی ئێستای خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان و بەتایبەت لە باشووری کوردستان شی کردەوە و لە ئەگەری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کورد، پشتیوانیی نێودەوڵەتی، یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان و بنەمای بەهێزی ئابووری و چەند خاڵی دیکەی گرینگی بە زامنی پاراستن و درێژەدان به دەرفەتێکی سەرکەوتوی کورد زانی.

لەو سێمینارەدا محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە بەشی پێشنیار و بۆچوونی بەشداران، ڕا و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی لە سەر دەوڵەتی کوردستان باس کرد و ڕایگەیاند کە ئێمە لە هەموو قۆناغەکان پاڵپشتی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد بووین و هەین.