کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرنامەی شەشەمی گەشەپێدانی ئێران پەسند کرا

15:34 - 28 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم بەرنامەی شەشەمی گەشەپێدانی پەسند کرد کە بەهۆیەوە ئابووریی ئێران پێویستی بە لانیکەم ٣٢٥ میلیارد دۆلار سەرمایەی دەرەکی هەیە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار، لە دانیشتنی مەجلیسی ڕێژیمدا بەرنامەی شەشەمی گەشەپێدان پەسند کرا کە لەسەر بنەمای زیادکردنی بێوێنەی سەرمایەدانانی دەرەکی داڕێژراوە کە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت گەمارۆ یەکلایەنەکانی ئامریکا هاتنەدی، گەلێک ئەستەم دێتە پیش چاو.

بەرنامەی شەشەمی گەشەپێدان بۆ ٥ ساڵی داهاتوو، پێشبینیی ئەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی بتوانێ لە ساڵدا سەرنجی ٣٠ میلیارد دۆلار سەرمایەی دەرەکی ، ١٥ میلیارد دۆلار سەرمایەدانانی دەرەکی ڕاستەوخۆ و ٢٠ میلیارد دۆلار سەرمایەدانانی دەرەکی لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ شەریکە لۆکاڵییەکان بۆ ئابووریی ئێران ڕابکێشێت، کە بەم پێیە ئابووریی ئێران لەو ٥ ساڵەدا پێویستی بە ٣٢٥ میلیارد دۆلار سەرمایەی دەرەکی دەبێت.

هۆکاری نالۆژیک بوونی ئەم خولیایەی بەرنامەی گەشەپێدان لەوەدایە کە؛ لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی، ئاستی سەرمایەدانانی دەرەکی لە ئێران نەگەیشتۆتە ٤ میلیارد دۆلار! هەروەها بە وتەی بەرپرسانی حکومەتی تەنیا بۆ نۆژەنکردنەوەی سەنعەتی نەوتی ئێران لە ١٠ ساڵی داهاتوودا ١٨٠میلیارد دۆلار سەرمایەی دەرەکی پێویستە!

کارناسانی ئابووری سەبارەت بە دیاریکردنی ئەم ڕێژەیە لە پێویستی سەرمایەدانان دەڵێن: ئەمە دەرخەری ڕاستییەکی دیکەشە کە بریتییە لە ئەوپەڕی دۆشداماویی بارودۆخی ئابووریی ئێران کە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە بریتییە لە ناکارامەیی دەزگای ئیداری و بەڕێوەبەری، بوونی گەندەڵی بەربڵاو لە نێو سیستم و هەروەها سزا یەکلایەنەکانی ئامریکا.

بەشێک لە تەحریمە یەکلایەنەکانی ئامریکا بەهۆی بەردەوامیی ڕێژیمی تاران لەمەڕ درووست کردنی مووشەکی نوێ و زیادکردنی ڕێژەی بوودجەی سەربازیی ئەم وڵاتەیە لە گەڵاڵەی پیشنیاریی دەوڵەتی یازدەیەم.