کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو

16:25 - 11 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: یادی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ڕۆژئاوای وڵاتی کانادا بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بۆنەی ٧١ ساڵەی دامەزرانی کۆماری پیرۆزی کوردستان و بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی نەتەوەیی کورد، جەژنێکی بەشکۆ لە لایەن کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی کەموێنەی ھاووڵاتییانی دانیشتووی ھەرێمی ڕۆژئاوای کانادا و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکانی ئێرانی، ئازەری، بەلووچ و کانادایی بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بە حورمەتی شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا، سەرەتا ئیسمایل ئیبراھیمی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کانادا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای ئاماژە بە دەسکەوتە نەتەوەییەکانی کۆمار وەک ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێزی لە پێشەوای نەمری گەلەکەمان پێشەوا قازی محەممەد گرت.

لەم مەراسمەدا چەندین پەیام پێشکەش کران کە بریتین لە:

ـ پەیامی ڕێکخراوی ھەڵەبجەی شەھیدی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ پەیامیبەنگین یەلدیز، لە لایەن ماڵی کورد
ـ پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەروەها لە لایەن کۆمەڵەی بەلووچەکانی کانادا، ئایشە ناروویی، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی نەتەوەیی کوردستان، باسێکی لەسەر ھاوخەباتی و ھاوچارەنووسیی گەلانی بندەستی ئێران پێشکەش کرد.

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا لە لایەنحکمەت قولیزادە و کەژاڵ حاجیزادەوە چەند پەخشان و شێعر پێشکەش کران.

کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.