کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە ٤٥ـەمین کۆنگرەی حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی فینلانددا کرد

16:33 - 19 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: لە سەر بانگهێشتی فەرمی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە ٤٥ـەمین کۆنگرەی حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی فینلانددا کرد.

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی شنە ڕەزابی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فینلاند، بەشداریی لە ٤٥ـەمین کۆنگرەی حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی فینلانددا کرد.

ئەم کۆنگرەیە بە بەشداریی نزیک بە ٥٠٠ نوێنەری ئەو حیزبە لە هەرێمە جیاوازەکانی فینلاند و نوێنەرانی حیزبە کوردییەکان و بەرپرسانی چەندین باڵوێزخانەی وڵاتان لە فینلاند، لە ڕۆژانی ٦تا١٠ی ڕێبەندان بەڕێوە چوو.

لە یەکێک لە وتارە سیاسییە پێشکەش کراوەکاندا باس لەوە کرا کە؛ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا و قەیرانی کۆچبەری، پێویستیان بە سەرنجی هەموو کۆمەڵگای نێونەتەوەییە.

لەم کۆنگرەیەدا، ئانتتی ڕیننێ، دووبارە وەکوو سەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژێردرایەوە.

پاش هەڵبژاردنەوەی ئانتتی ڕیننێ بۆ جاری دووهەم وەکوو سەرۆکی ئەو حیزبە، و لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت‌دا بۆمیوانانی بەشداربوو، گووتی: ئێستا جیهان لە بارودۆخێکی تایبەت‌دایە و لە چەندین شوێنی دنیا پۆپۆلیسم بەرچاو دەکەوێت و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خەڵک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتیوانی لە ژیانیان ناکرێت و نائومێدن و لە داهاتووی خۆیان دەترسن. ئێمە سوسیال دێموکراتەکانی فینلاند، هەست بەوە دەکەین کە کار و ئەرک و مافی ئێمە کاریگەریی دانانە لە سەر سیاسەتی ئورووپا و سیاسەتی نێونەتەوەیی بە شێوەیەک کە؛ پاڵپشتی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکانی ئاسایی بکات.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سەرۆکی ئەو حیزبە، وێڕای پیرۆزبایی کۆنگرەکەیان و دووبارە ‌‌هەڵبژاردنەوەی بەڕێزیان وەکوو سەرۆکی ئەو حیزبە، هیواخوازبوو حیزبەکەیان لە داهاتووشدا پشتیوانی خەباتی کورد، بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بێت.