کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تام کمیک: حیزبی دێموکرات، وەک حیزبێکی فەرمیی و سیاسیی هەوڵی داوە لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەرێک بۆ پێکەوە ژیان لە ئێران بدۆزێتەوە

14:50 - 28 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: تام کمیک، ئەندامی پارلمانی کانادا باسی لەوە کردووە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی فەرمیی و سیاسیی هەوڵی داوە لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەرێک بۆ پێکەوە ژیان لە ئێراندا بدۆزێتەوە.

ئەندامێکی پارلمانی کانادا وێڕای پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات باسی لەوە کردووە؛ خۆشحاڵم لە پارلمان سەرنجی ئێوە بۆ خەباتی خەڵکی ڕەسەنی کورد ڕابکێشم کە زێدەکەیان دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای ئێران.

کمیک باسی لەوە کردووە که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی فەرمیی و سیاسیی هەوڵی داوە لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەرێک بۆ پێکەوە ژیان لە ئێراندا بدۆزێتەوە. حیزبی دێموکرات داکۆکی لە مافی سیاسیی کوردەکان دەکات کە بەردەوام و بە بەرنامە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەچەوسێنرێنەوە.

ئەو ئەندام پارلمانەی کانادا هەروەها باسی لەوە کردووە، کوردەکان لە بواری ئابووری، هەڵاواردنی کولتووری و هەروەها بە ئاشکرا ڕووبەرووی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ بوونەتەوە. منداڵانی کورد ڕێگەیان پێنادری کە بە زمانی کوردی بخوێنن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە که ڕێژیمی ئێران لەبەر جیاوازی ئایینی و کلتوری کوردەکان کاریان پێ نادات، بەندکراوانی کورد بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە بەندیخانەکاندا دەستبەسەر دەکرێن و دواتر بێ ئەوەی بە شێوەی دادپەروەرانە دادگایی بکرێن، یان دەکوژرێن یان لە سێدارە دەدرێن.

حکومەتی لیبراڵی کانادا لە بری ئەوەی ئێران بە بەرپرسی ئەو پێشێلکاریانە بزانێ، هەوڵ دەدات بە کردنەوەی باڵوێزخانەی ئێران، دەسخۆشیان لێبکات. ئێمە دەبێ یارمەتیدەری کوردە هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵات بین و پشتگیریان لێ بکەین کە بە شێوەی بەردەوام و کۆڵنەدەرانە لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی ڕێژیمی ئێراندا بەربەرەکانێ دەکەن.