کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزب لە زانستگەی سەلاحەدین بڕوانامەی ماستەری بە پلەی نایاب بەدەست هێنا

16:29 - 3 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: نامەیەکی توێژینەوەی ماستەر لە زانستگەی سەلاحەدینـی پایتەختی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە شەهید چەکۆ ڕەحیمی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، سەرەتای ئەم حەوتوویە، ٣٠ی ڕێبەندانی ٩٥، لە زانستگەی سەلاحەدینی شاری هەولێر، نامەی توێژینەوەی عەباس ئەحمەدی بە زیاترلە ١٦٠ سەرچاوەی کوردی، ئینگلیزی و فارسی لەلایەن لێژنەی گفتوگۆی ماستەر، پلەی نایابی پێ درا.

توێژینەوەی ئەو ئەندامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناونیشانی پەيوەنديى جيهانگيرى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان پێشکەش بە سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەتایبەتی فەرماندە چەکۆ ڕەحیمی، نەندامی ڕێبەریی پێشووی حیزب کراوە.

عەباس ئەحمەدی بە هەواڵنێری کوردستان میدیای ڕاگەیاند: بەهۆی هاوکاریی و تێکۆشانمان لە ئۆرگانەکانی حیزبی، شەهید چەکۆ هەردەم هاندەر و پاڵپشتی سەرەکیی من بووە لە خوێندن و بردنە سەری ئاستی بڕوانامەی زانستیمدا.

نامەى ماستەرى عەباس شەريف ئەحمەد (ئەحمەدى) لەلایەن سەرۆكى لێژنەى گفتگۆكە، دوکتور صباح احمد نجار، وەک يەكێك لە باشترين توێژينەوەكانى هەرێمى كوردستان لە بوارى كۆمەڵناسى پێناسە کراوە و پلەی نایابـی وەرگرتووە.

عەباس ئەحمەدی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٢ لە شاری سنەیە و چوار ساڵ لەمەوبەر بڕوانامەی لیسانسی کۆمەڵناسی لە زانستگەی کۆیە پێدراوە.

ناوبراو شارەزايى باشى لە پرۆگرامى SPSS هەيە و خاوەنى بڕوانامەی نێودەوڵەتى (ICDL) لە كۆمپيوتەرە و چەندین بابەت و توێژینەوەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکراوەتەوە.