کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقی کردنەوەی دوو مووشەکی دیکەی بالستیک لە لایەن ڕێژیمەوە

16:49 - 18 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو مووشەکی بالستیکی دیکەی لە دەریای عۆمان و لە گەرووی هۆرمۆز تاقی کردۆتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان؛ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە دەریای عۆمان و لە گەرووی هۆرمۆز، دوو مووشەکی بڕشت نێونجی بالستیکی تاقی کردۆتەوە کە یەکێک لە مووشەکەکان ئامانجی دیاریکراوی خۆی لە مەودای ٣٠٠ کیلۆمیتریدا پێکاوە و ئەویدیکەیان نەیپێکاوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە؛ تاقی کردنەوەی ئەو دوو مووشەکە بالستیکە هاوکاتبووە لەگەڵ مانۆڕی بەلەمە تیژتێپەڕەکان لە نزیکەی ناوەکانی ئامریکاوە.

فاکس نیوز لە زاری بەرپرسانی ئامریکاییەوە بڵاوی کردۆتەوە کە؛ ئەم مووشەکانە مۆدێلێکی پێشکەوتووتری مووشەکەکانی فاتێح بوون، بە سیستمێکی زیرەکەوە کە دەتوانێت بەلەمەکان و ناوەکان بناسێتەوە و شوێنیان هەڵکات.

هەمان سەرچاوەی هەواڵدەری ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە؛ ئەو دوو مووشەکە بڕشت نێونجە فاتێحە، تایبەت بە هێرش لە سەر زەوییەوە بۆ سەر ئاوە و لە پایەگایەکی مووشەکی لە بەندەری جاسکەوە هاوێژراوە.

هاوکات لەهەواڵێکی پێوەندیداردا دوێنێ ١٧ی ڕەشەمە بەرپرسانی ئامریکایی ڕایانگەیاندووە کە؛ ناوی ئامریکایی یو ئێس ئێن ئێس ئینویسیبێل لە کاتی تێپەڕین لە گەرووی هۆرمۆزدا، بەلەمە تێژتێپەڕەکانی ئێران لێی نزیک بوونەتەوە و لە مەودای ٦٠٠ میتریی ئەو ناوەوە تێپەڕیون کە ئەو مانۆڕە تەقە کردنی ناوە ئامریکاییەکەی بەدواوە بووە. بەرپرسانی ئەمریکایی مانۆڕی بەلەمە تیژتێپەرەکان بە مەترسیدار و لێنەزانانە وەسف کردووە.

ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا لە مانۆڕە نیزامییەکانی بەردەوامە کە لە لایەن ئامریکا و زۆربەی وڵاتانی زلهێزەوە لەو پێوەندییەدا هۆشداریی جیدیی پێ دراوە.

وەزارەتی خەزانەداریی ئامریکا لە ڕێکەوتی ٣ی مانگی فێورییەدا، گەمارۆی خستە سەر ١٣ کەسایەتی و ١٢ کۆمپانیا و دامەزراوە کە پێوەندییان بە بەرنامەی مووشەکیی ئێرانەوە هەبووە.